بەگوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، ئازادى را ده ربرين يەكێکە لە بنما سەرەكییەکانی مافى مرۆڤ، و هه‌موو كه‌سێک مافی‌ ده‌ربڕینی‌ بیروڕای‌ هه‌یه و له چوارچێوەی ئه‌و مافه‌شدا پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌ستی‌ به‌ هه‌موو ئامرازێكی‌ گونجاوی‌ بیروڕا ده‌ربڕین ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ بگات.

بەپێی زانیارییەکان، شەوی ٢٤ی ئادار هێزێكی ئاسايش لەشاری هەولێر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس (هێمن مامەند) و دەستگیریان کردووە، دواتر بە پارێزەرەکەیان راگەیاندووە کە بەهۆی نووسینی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن داواکاریی گشتییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و دەستگیر کراوە.

بەپێی زانیاری تۆری پارێزەرە خۆبەخشەکانی رۆژنامەنووس هێمن مامەند، سکاڵاکە جگە لەو پۆستەی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان، بەهۆی کۆمەڵێک پۆستی ترە کە باس لە بێهێزی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

دوای ١٤ رۆژ زیندانیکردن، رۆژی ٦ی نیسان بە دەستەبەریی ١٠ ملیۆن دینار ئازاد کراوە، دوای ٢٤ کاتژمێر لە ئازادکردنی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کراوەتەوە.

ئێمە وەکو ناوەندی (PEN)ی کورد بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە پشتگیریی تەواو لە ئازادی بیروڕا بکەین، وئەو شێوازە مامەڵەكردنە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا رەت بکەینەوە، چونكه پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕینە.

ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە یەکێک لە ئەرکەکانی یاسا دابینکردنی مافی ئازادی بیروڕایە. ئەرکی داواکاری گشتیش پشتیگیریکردن و پاراستنی یاسایە بۆ داواکردنی مافی گشتیی هاوڵاتییان.  بۆيه پێویستە داواکاریی گشتی لە باشوری کوردستان ڕەگەزەکانی پاراستنی بیروڕا بکەنە بنەما و بە گوێرەی ئەو ڕەگەزانە هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربرین.

داوا لە دەسەڵاتى سياسى و دادوەریى هەرێمى كوردستان دەكەين، لە کاتێکدا ئەو رۆژنامەنووسە هیچ تاوانێکی نەکردبێت، پێویستە بەبێ هیچ پێشمەرجێک ئازاد بكرێت.

                                                                كۆمیته‌ی بەڕێوەبەریی گشتی

                                                                ناوه‌ندی(PEN)ی کورد

                                                                ٠٧/٠٤/٢٠٢٠