رۆژی ٣ی ئەم مانگە، هەواڵێ کۆچی دوایی ژنە لێکۆڵەر و ئەکادیمی کورد، پرۆفیسۆر زارا عەلی یوسپۆڤا بڵاوکرایەوە.

ئەو پرۆفیسۆرە کوردە، کە یەکێک بوو لە ئەکادیمییە کوردەکانی یەکێتی سۆفیەتی پێشوو، لە شاری پترسبۆرگی رووسیا کۆچی دوایی کرد و سەدان بەرهەمیشی بۆ بەجێهێشتین.

لە شەش مانگی ڕابردوودا، زمان و ئەدەبی کوردی چەندین دڵسۆزی لەدەست داوە، لە رووسیا کەسانی وەکو یورا نەبیۆڤ، کنیازێ ئیبراهیم و نادر نادرۆڤ، لە باشوور کەسانی وەکو د.کەمال مەزهەر، مارف عومەر گوڵ، بێگومان لەدەستدانی ئەو کەسانە کەلێنی گەورە دەخاتە نێو کتێبخانەی کوردی و سەرتاسەری جیهان.

زارا عەلی لە ساـی ١٩٣٤ لە تبلیسی پایتەختی گورجستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٣ لە هەمان شار قۆناغی بنەڕەتی بە وەرگرتنی خەڵاتی زێڕینەوە تەواو کردووە.

ساڵی ١٩٥٨ لە کۆلێژی رۆژهەڵاتناسی زانکۆی لینینگرادی تەواو کردووە، لە ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦١، لە هەما زانکۆ و لە بەشی کوردناسیی بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە، هەر لەو ساڵەوە هەتا ئەو رۆژی کۆچی دوایی کرد، کارمەند و مامۆستای بەشی رۆژهەڵاتناسی بوو، لە ساڵی ١٩٩٢ تا رۆژی کۆچی دوایی، ئەندامی سەرەکی کۆڕی زانیاری بوو.

پرۆفیسۆر زارا عەلی، لە زانکۆی لینینگراد هەروەها مامۆستای زمانی کوردی بوو، هەتا ئەمڕۆ نزیکەی ٧٠ کتێبی لەبارەی زاراوەکانی زمانی کوردی چاپ و بڵاو کردوەتەوە.

ئێمە بەناوی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوەندی پێنی کورد، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پرۆفیسۆری کورد، زارا عەلی یوسپۆڤا دەکەین، سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو بەرهەمەکانی دادەنەوێنین.

ناوەندی پێنی کورد

٥ شوباتی ٢٠٢٢