سارا ئەفراسیابی

توندوتیژی دژی ژنان پرسێکی جیهانییە، کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، توندوتیژی دژی ژنانی لەسەر بنەمای جێندەری کە بتوانێت ببێتە هۆی زیانپێگەیاندنی جەستەیی، سێکسی یان دەروونی، وەکو توندوتیژی پێناسە کردووە.

لە ڕاستیدا توندوتیژی دژی ژنان بۆ وەسفکردنی ئەو کردەوە توندوتیژانە بەکار دێت کە رەگەز قوربانیی پایەی سەرەکی توندوتیژییەکەیە. توندوتیژی بە بیانووی نامووس، ئەو توندوتیژییانەی زیان بە جەستە، زیندانیکردن لە ماڵ، هەڕەشەلێکردنی کوشتن، سوکایەتیپێکردن و بێڕێزیکردنی زارەکی، هاندان و ناچارکردنی بە خۆکوشتن، ناچارکردن بۆ وەرگرتنی راپۆرتی هەبوونی پەردەی کچێنی و لەچکپۆشییە کە بەسەر ژنان و کچانی خێزانەکان لە لایەن پیاوانی ئەو خێزانەوە (باوک، برا، هاوسەر یان کۆنە هاوسەر) بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت.

ئەو توندوتیژییانە بە بیانووی وەکو جلوبەرگی تەنک، دواکەوتن لە گەڕانەوە بۆ ماڵ، خۆشەویستی و پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرانبەر، هەبوونی پەیوەندی سێکسی پێش هاوسەرگیریی، تەنانەت بەهۆی گومانیشەوە روودەدات.

کوشتن بە بیانووی نامووس، کە بە کوشتن بەهۆی شەرەفەوە ناوزەدیش دەکرێت، توندرین و دڕندانەترین توندوتیژی بە بیانووی پاراستنی نامووسە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە مانگی مارتی ٢٠٢١ هەتا مارتی ٢٠٢٢ لانی کەم ٩٤ ژن لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە و ٤١ ژنیش کوژراون.

١٤,٥% ئەو کوشتنانە بە بیانووی (پاراستنی نامووس) ئەنجام دراون. بەڵام خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ئەو ئامارە بە هیچ شێوەیەک ورد نییە و زۆربەی ئەو کوشتنانەی کە بە بیانووی پاراستنی نامووس، خۆکوژیی، خۆ سووتاندن، هەڵاتن لە ماڵەوە یان ونبوون باسیان لێوە دەکرێت.

بە هاوکاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی کوشتنەکانی بە بیانووی پاراستنی نامووس لە دوو ساڵی رابردوودا، زۆربەی چاودێران، راگەیاندنەکان و تەنانەت خەڵکی ئاساییش کوشتنەکانی بە بیانووی پاراستنی نامووس دەگێرنەوە بۆ کەمایەتییە ئتنیکییەکانی کورد و عەرەب و ئاماری بەرزی ئەو کارە دەبەستنەوە بە کەلتوور و نەریتەکانی ئەو دەستە ئتنیکییە.

ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە کوشتن بە بیانووی پاراستنی نامووس لەو ناوچانانە زیاترە، بەڵام ناتوانرێت لە شرۆڤەکردنی هۆکارەکانی دەرکەوتنی توندوتیژییەکان لەو ناوچانە و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان (کە بابەتی ئەم وتارەیە) تاکە هۆکارەکەی مەسەلەی کولتووری بێت.

پارێزگاکانی رۆژهەڵات لەگەڵ ئەوەی تژین لە سەرچاوەی سروشتی و هێزی مرۆیی زیرەک بەهرەدار، کەچی یەکێکە لە ناوچە بێبەشەکان و هەژاریی و بێکاریی بەرزترین ئاماری تۆمار کردووە لەو شارانەدا.

زۆرێک لە پیاوانی کورد بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی بنەماڵەکەیان ناچارن کۆڵبەریی بکەن، کۆڵبەریش لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووێکی پیاوانەی نییە، هەربۆیە چەندین ژنی کوردی سەرپەرشتیاری بنەماڵە، بۆ بەدەستهێنانی پارووە نانێک بۆ منداڵەکانیان روویان لەو کارە سەختە کردووە.

زیانەکانی دەرهاویشتەی هەژاریی و بێبەشیی ئابووریی لەلای هیچ کەسێک شاراوە نییە و تەندروستی دەروونیی تاکەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی. خەمۆکی، ئاماری بەرزی خۆکوژیی، هاوسەرگیریی منداڵان، هاوسەرگیریی بەزۆر، بەرزیی ئاماری جیابووەوە و راهاتن بە مادەهۆشبەرەکان تەنیا ژمارەیەکی کەمن لە زیانە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کە دەرهاویشتەی ئەو دۆخەن.

بێبەشبوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی، نەبوونی پەروەردە و سەرکوتکردنی سیاسی بەرفراوان لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموویان هۆکاری زەمینەخۆشکردنی دەرکەوتنی توندوتیژی دژی ژنانن.

حکومەتی ئێران بە ئەنقەست و بە بەکارهێنانی سیاسەتی جیاکاریی لەگەڵ هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەجولێتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نمونە ئیلام، بەرزترین ئاماری بێکاریی و خۆکوشتنی ژنانی تێدایە. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان، قوربانییە سەرەکییەکانی سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران بۆ کۆنەپەرستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەن.

لە لایەکی دیکەوە، هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی لەو ناوچانە بەناوی دژایەتیکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بە تووندترین شێواز سەرکوت دەکرێن و زۆرێک لە چالاکوانە کوردەکان چ ژن و چ پیاو بەو هۆیەوە لە زیندانەکان تووند کراون. بەپێی زانیاری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لانی کەم ١٥ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد لەلایەن دەزگا دادوەرییەکانی ئێران دادگایی کراون، بە گشتی ١٢ ساڵ و سێ مانگ زیندانکیردن و ٢ ساڵ و ١١ مانگ و ٤ رۆژ بە زیندانی هەڵپەسێردراو سزا دراون.

هەموو ئەو یاسایانە لەگەڵ نەبوونی یاسای پاراستنی ژنان لە ئێران، بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەمکی نامووس و پیاوسالاریی لە سۆسیال میدیای ئێران، زەمینەخۆشکەری توندوتیژی دژی ژنانن و کارئاسانی بۆ دەکەن.

لەم لایەنەوەیە کە ژنانی کورد جگە لەو هەموو توندوتیژییەی لە ئێران دژی ژنان دەکرێت، ڕووبەڕووی توندوتیژی و جیاکاریی سیاسیش دەبنەوە. لە ئێران و بە تایبەت ژنانی کەمە ئەتنیکییەکانی وەکو کورد رووبەڕووی چەوساندنەوەی فرەلایەنەی وەکو، جێندەریی، نەتەوەیی مەزهەبی دەبنەوە و ژیانێکی جیاوازتر لە ژنانی شارەکانی دیکە ئەزموون دەکەن.