لە تورکیا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، پێشگرتن لە دیموکراسیی و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ئازادی ڕادەبڕین و ڕاگەیاندن، وەکو چەندین جاری دیکە، ئەمجارەش چەند ناوەندێکی نووسەرانی جیهان نیگەران دەکات و ئەوانیش هەڵوێستیان دەبێت.

کارۆلینا ستۆکفۆرد، کە لە ناوەندی پێنی نۆرویژ راوێژکاری بەشی تورکیایە، هاوکات ئەندامی پێنی گشتیشە، لە هەژماری خۆی لەسەر تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر بەیاننامەیەکی بڵاو کردوەتەوەو بە ئاشکرا رەخنە لە پێشێلکارییەکانی تورکیا دەگرێت، هاوکات دڵگرانی و نیگەرانیی خۆی دەخاتەڕوو.

ستۆکفۆرد لە بەیاننامەکەدا تیشکی خستوەتە سەر گواستنەوەی وەزیری داد و ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەکر بۆزداگێ وەزیری تازە، خاوەن رابردوویەکی خراپە، لە کاتی کوشتنی تاهیر ئالچی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و سەرۆکی بارۆی ئامەد، هەر ئەو وەزیر بووە، لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی دۆزینەوە بکوژەکانی بە بنەماڵەی ئاڵچی دابوو، تا ئێستاش لەبارەی ئەو رووداوە هیچ شتێک نەکراوە.

پیلانێکی گوشار و چەوساندنەوە هەیە

وەکو دەزانرێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر عەبدولحەمید گول، وەزیری داد دەستی لە کار کێشابووەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پەسەند کرابوو، لە شوێنەکەی ئەودا بەکر بۆزداگ کە دڵسۆزێکی ئاکەپە و ئەردۆغانە، کرایە وەزیری نوێ.

شایانی باسە کە بەکر بۆزداگ لە سەردەمی وەزیرایەتی پێشوویدا، لەبارەی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکدا وتبووی، منداڵەکە خۆیشی رازی بووە بەو کارە، ئەو لێدوانەی بۆزداگ لەناو ڕای گشتیدا ناڕەزاییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

ستۆکفۆرد تیشکی خستە سەر بریارەکانی سەرۆککۆماری تورکیا و نووسیویەتی، لەو بڕیارانەی سەرۆککۆماری تورکیادا پیلانی گوشار و چەوساندنەوەیەکی بە ئاشکرا هەیە. بەپێی زانیاری راوێژکاری بواری تورکیا لە پێنی نۆرۆژ، لە ماوەی رابدروودا ٦ ماڵپەڕی دیموکرات و سۆسیالیست داخراون، ئەو بڕیارە لە داهاتوودا رێگە لە بەردەم داخستنی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکانی تریش خۆش دەکات.

کارۆلین ستۆکفۆرد، لە راگەیاندراوەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە ئەوان وەکو پێنی نۆروژ، بارودۆخی تورکیا بخەنە رۆژەڤی کۆبونەوەکانی خۆیان و راگەراندراو فەرمی بڵاو بکەنەوە.

ناوەندی پێنی نۆروژ دوای ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی خۆی، راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاگاداریی خۆی لە دۆخی تورکیا راگەیاند و نیگەرانییەکانی خۆی بە توندی راگەیاند.

لە راگەیاندراوێکدا کە چەندین ناوەندی پێنی جیهان پشتگیریان کرد و واژۆیان کرد، دۆخی پێشێلکردن و چەوساندنەوەی خوێندکارانی زانکۆی بۆگازچی و ئەندامانی ل.گ.ب.ت خرایە بەر باس.

بە بڕیارێک ١٨٥ دەزگای راگەیاندن داخران

لە راگەیاندراوی ناوەندی پێنی کورد، پێنی نۆروژ، پێنی تورکیا، پێنی هۆڵەندا، پێنی سان مگوێل، پێنی دانمارک، پێنی ئەڵمانیا، پێنی رۆمانیا، پێنی ئەمریکا، پێنی سوێن، پێنی ئیسپرانتۆ، پێنی ڤێتنام- تاراوگە، پێنی مێلبۆرن، پێنی کرواتیا واژۆیان کردووە و پشتگیریان کردوە، داوا لە ئیدارەی تورکیا کراوە کە درێژە بەو پێشێلکارییانە نەدەن، رێز لە ئازادی راگەیاند و میدیا بگرن و رێگەخۆشکەر بن بۆ ئازادی ڕادەربڕین.

راگەیاندراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو بڕیارانەی سەرۆککۆمار، دەستی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا ئاوەڵا دەکات بۆ ئەوەی ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسکتر بکاتەوە، هەربۆیە بەو بڕیارانە تا ئێستا ١٨٥ دەزگای راگەیاندن و چاپەمەنی داخراون، پێدەچێت دۆخەکە بەرەو خراپتریش بچێت.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە بەپێی راگەیاندراوی لێژنەی مافەکانی مرۆڤ و دادگای مافی مرۆڤ لە یەکێتی ئەوروپا بۆ سالی ٢٠٢١، تورکیا لە ریزی یەکەمی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدایە، ئەوەش ئەوانی زۆر نیگەران کردووە. هەر بەپێی راگەیاندراوی هەمان دادگا، دوای رووسیا، تورکی دووەمین وڵاتە لەوەی کە زۆرترین خاوەن دۆسیە لەبەردەم دادگاکانن، شایانی باسیشە کە پێشتر تورکیا لە ریزبەندی چوارەم دابوو.

ئەو ناوەندە پێنانەی کە ئەو راگەیاندراوەیان واژۆ کردوە، ئەوەیان راگەیاندووە کە ئەوان وەکو پێشتر، لە ئێستا بەدواوە دۆخی پێشێلکارییەکان لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. لەو لینکەوە دەتوانن زانیاریی زیاتر وەرگرن:

https://pen-international.org/news/turkey-first-presidential-decree-of-the-year-a-warning-shot-at-freedom-of-expression

ناڤەندا پەنا کورد

٤ سبات ٢٠٢٢