ماریۆ ڤارگاس یۆسا تەمەنی بیست ساڵ بوو كە یەكەمین چیرۆكی بڵاوبوەوە، كورتە چیرۆكێك بوو بەناوی (رێبەران) كە لە یەكێك لە چاپەمەنییەكانی پایتەخت چاپكرا. بەڵام رێگایەكی درێژی لەپێش بوو، رەنگە خۆشی هێندە حەزی لە پلەوپایە نەبوو كە رۆژێ لەڕۆژان ناوی خۆی لە نێوان نووسەرە مەزنەكانی ئەمەریكای لاتین ببینێت. ئەمڕۆكە ئەدەبی پڕ ڕەونەقی ئەمەریكای لاتین قەرزاری ماركز و یۆسا و فۆنتزە.


یۆسا لە ساڵی 1936 لە شاری ئاركیپای وڵاتی پیڕۆ لەدایكبوو. بێبەخت بوو، هاوكات لەگەڵ لەدایكبوونەكەی، دایك و باوكی لە یەكتر جیا بوونەوە، دایك لەگەڵ ساواكەی چووە پۆلیڤیا. تا تەمەنی نۆساڵی لەوێ مانەوە و لە ئەنجامدا گەڕانەوە پیڕۆ. هەر لەم تەمەنە نەوجەوانییەوە لەگەڵ بڵاوكراوەی لاكرونیكا هاوكاری دەكرد. لەگەڵ بڵاوكردنەوەی یەكەمین شیعرەكانی و رێكخستنی مانگرتنەكانی یەكەمین ساڵەكانی زانكۆ، چەهرەی رۆشنبیرێكی تەواوی بەخۆوەگرت. رووی كردە كاری جۆراوجۆر كە جگە لە هەوڵدان بۆ گوزەرانی ژیان شتێكی تر نەبوو. بەڵام بە عەشق و خۆشەویستییەك تایبەتیشەوە خەریكی ئەدەب و ماف دەبوو. ساڵی 1958 بوو كە هەلی خوێندنی بۆ ڕەخسا لە زانكۆی مادرید. ساڵی دواتر كۆمەڵە چیرۆكێكی لە بەرشلۆنە چاپكرا. سەرەنجام وەكو زۆرێك لە هونەرمەندان و رۆشنبیران لە پاریسەوە سەری دەرهێنا. سەیر لەوەدا بوو كە لە هەمان ئەو شارەدا لەگەڵ بۆرخس، فۆنتز و ژمارەیەكی تری نووسەری ئیسپانی زمان یەكتریان ناسی. لە ساڵی 1963 یەكەمین رۆمانی بڵاوبوەوە، (سەردەمی پاڵەوان) سەربردەی دەستێوەردانی سەربازان لە سیاسەت و لایەنە شوومەكانی كۆمەڵایەتیی، ئابووری و كولتووری ئەوانە. ئەو شتەی بووە بۆچوونی حەتمی زۆربەی گەلانی جیهانی سێیەم و بە تایبەت ئەمەریكای لاتین.


ئەم رۆمانە رووبەڕووی پێشوازیی گەرمی خوێنەران بوەوە. هەر ئەو شیكردنەوە بەرفراوانە بەس بوو تا ناوی نووسەر وەكو رەخنەگرێكی رادیكال دەربكەوێت و ژمارەیەك لە كتێبەكانی بەناونیشانی سەرلێشێوێنەر لە مەراسیمێكی رەسمیدا سوتێنرا. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی بەربەست لە وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگران لە لایەن یۆساوە. لە ساڵی 1966 دوای چاپی دووەمین رۆمانی (ماڵی سەوز) لە پاریسەوە دەچێـتە لەندەن و خەریكی دەرس گوتنەوەی ئەدەبی ئیسپانی- ئەمریكی دەبێت. ساڵی دواتر دووەمین كۆمەڵە چیرۆكی بڵاو دەبێتەوە و نووسەرەكەی دەكاتە براوەی دوو خەڵاتی ئەدەبی. كاتێ كە دەچێتە كاراكاس بۆ وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی ئیسپانیایی، چەندین وتاری دا لەبارەی چارەنووس و لێپرسراویەتی نووسەری پیرۆیی. گرنگتریش لەوە دیداریەتی لەگەڵ گابریل گارسیا ماركیز بوو كە دواتر دەبێتە هۆی هاوكاری ئەدەبی و بڵاوبوونەوەی (رۆمان لە ئەمەریكای لاتین). سێیەمین رۆمانەكەی (گفتوگۆ لە كارتدرال) لە ساڵی 1969 بڵاودەبێتەوە. ساڵێك دواتر دەچێتە بەرشلۆنە تا دەستبكات بە نووسینی یەكێك لە باوەرپێكراوترین ڕەخنەكانی لەسەر بەرهەمەكانی ماركیز. ئەم كتێبە لە ساڵی 1971 بڵاودەبێتەوە. پێش ئەوە یۆسا چەند جارێك سەردانی كوبای كردبوو وەكو زۆرێك لە نووسەرانی ئەمەریكای لاتین، پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ حكومەتی كوبا هەبوو. بەڵام زیندانیبوونی ئەبرتۆ پادیلا، نووسەری كوبایی بووە زەمینەخۆشكەری ناڕەزایی بەرفراوانی نووسەرانی ئەمەریكای لاتین. یۆسا لەگەڵ نووسەرانی تری ناسراوی ئەو هەرێمە، ئەو سەركوتكردنەیان مەحكوم كرد كە باڵی بەسەر كۆمەڵگای كوباوە كێشا بوو، تەنانەت خودی كاسترۆشیان مەحكوم كرد. بە هاوكاری ژمارەیەك لە نووسەرانی هاوبیری خۆی، بڵاوكراوەی (ئازاد)ی لە پاریس بڵاوكردەوە و كتێبی (بەسەرهاتەكانی شاراوەی رۆمانێك) ی لە بەرشلۆنە بڵاوكردەوە. چوارەمین بەرهەمی (پانتۆخای ئەفسەر و خزمەتی تایبەت) لە ساڵی 1973 دا بڵاوبوەوە. لە ساڵی 1974، دوای نیشتەجێبوونێكی درێژ لە ئەوروپا، دەگەڕێتەوە زادگای خۆی. لە ساڵی 1976 بە سەرۆكی (ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریكا) هەڵدەبژێردرێت و سەفەری زۆر بۆ زانكۆ جۆراوجۆرەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا و یەكێتی سۆڤیەتی ئەو كات دەكات و وەكو مامۆستای بانكهێشتكراو خەریكی وانەگوتنەوە و كۆڕ و كۆبوونەوە دەبێت.


(پوورە خولیا و شانۆنامەنووس) بەسەرهاتی یەكەمین هاوسەرگیری یۆسایە كە لە ساڵی 1977 چاپ بووە. رۆمانە گەورەكەی (شەڕی ئاخیرزەمان) كە لە ساڵی 1981 بڵاوبوەوە، بەرهەمی كاری هونەرمەندێكە كە سەردەمی گەنجی بەسەرچوە. ئەم پرۆژە مەزنە، لەژێر قەڵەمی یۆسا بە وەستاییەكی تەواوەوە رێكخراوە و قەبارەی كار و كەساتیەتییە زۆرەكانی و پەیوەندییە بنەڕەتییەكەی رۆمان بە بەشێكی مێژووی بەرازیل، هیچكات نابێتە هۆی سستی نووسینەكە. تا ئەو شوێنەی كە ئەم نووسینە بەناونیشانی شتێكی وەكو (شەڕ و ئاشتی) تۆلستۆی لە ئەدەبیاتی ئەمەریكای لاتیندا وەسفكراوە. ئەوەی سەرنجڕاكێشە ئەوەیە كە بەسەرهاتی ئەم رۆمانەش هەر لە سەدەی نۆزدەیەم دەگوزەرێت. یۆسا دوای (شەڕی ئاخیرزەمان) چەند نووسینێكی تریشی زیاد كردوە بۆ سەر نووسینەكانی پێشتری كە لە نێوانیاندا (ژیانی ڕاستەقینەی ئەلخاندرۆ مایتا) و (جەژنی نێری) و (چەند پەندێك بۆ نووسەرێكی لاو) گرنگی زیاتریان هەیە. بەڵام هێشتاش (گفتوگۆ لە كارتدرال) و (شەڕی ئاخیرزەمان) بە ناونیشانی گرینگترین بەرهەمەكانی نووسەر جێگای سەرنجی خوێنەر و ڕەخنەگرانە.