ڕۆژی سێشەممە مامۆستای زمانی کوردی کیۆمەرس لەتیفی (41 ساڵ) خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی چالاکی مەدەنییەکانییەوە دەستبەسەر کراوە، کیۆمەرس لەتیفی زیاتر لە ١٢ ساڵە لە شاری سنە مامۆستای زمانی کوردی بووە و لە ناوەندەکان وەکو “مەولەویی کورد” وانەی زمانی کوردی دەگوتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی هەڕەشەو ئازاردانی کیۆمەرس و بنەماڵەکەی، بۆ چالاکییەکانی فەرید لەتیفی، نووسەر و چالاکوانی سیاسی دەگەڕێتەوە.

دوابەدوای دەستبەسەرکردنی کیومەرس لەتیفی، خوشکی ناوبراو بە ناوی ئارەزوو لەتیفی دراوەتە بەر هەڕەشە و لێدان و داوایان لێکراوە هیچ جۆرە پەیوەندی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە دەرەوەی وڵات نەکات.

ئێمە وەکو ناوەندی (پێن)ی کورد، بەردەوام چاودێری زوڵم و زۆردارییەکانی ئێران دەکەین و ئەو دڕندایەتییە شەرمەزار دەکەین، رایدەگەینین، پێویستە بە پەلە کیومەرس لەتیفی ئازاد بکرێت.

ناوەندی پێنی کورد   

کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتی

٠٤ ئادار ٢٠٢٢