
لە بەردەوامی هێرشە ناڕەوا و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوەوە و دەرەوە، بە تایبەتی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان کە دەیان جار هاوڵاتیانی سڤیل تێیدا کراونەتە ئامانج، ئامانج لێی جینۆسایدکردن و قبووڵنەکردنی ناسنامە و هەبوون و پێگەی کوردە، بۆ ئەو مەبەستەش دەست لە هیچ جۆرە هێرشێکی دڕندانە ناپارێزێت.
شەپۆلی دەستگیرکردنی نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران لە ناوخۆی تورکیا و باکوری وڵات، تیشک دەخاتە سەر وێنەی نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین.
لە ڕۆژی 1ی نیسان لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک شاری ترپەسپی لە ڕۆژئاوا، هاوڵاتییەک کوژرا و دوو هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، کە یەکێک لە بریندارەکان شاعیری ناوداری کورد و هاوکارمان (فەرهاد مەردێ) یە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕەوشی تەندروستیی فەرهاد مەردێ ئێستا جێگیرە.
فەرهاد مەردێ هەڤاڵ و هاوکار و یەکێک لە ڕێبوارانی ئەدەبیاتی کوردییە، و پێمانوایە بە ئامانج گرتنی ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو بە ئەنقەستە.
ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد، بەتوندی ئەو هێرش و پەلاماردانە بۆ سەر هەڤاڵ و هاوکارمان شەرمەزار دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە سیاسەتی لەناوبردن و هێرشکردن بە ئامانجی لەناوبردنی کورد سەرناکەوێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەمجۆرە هێرشانە بگرنە بەر.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیی
ناوەندی پێنی کورد
02.04.2022