بە بەشداریی شاندی ناوەندی پێنی کورد و ١٥٠ ناوەندی پێنی دیکە، ھەشتاوھەشتەمین کۆنگرەی پێنی نێونەتەوەیی لە شاری ئۆپسالای سوید بەڕێوەچوو، تیایدا دوو داخوازیی ناوەندی پێنی کورد پەسەند کرا.

لە ڕۆژانی ٢٧ی ئەیلول ھەتا ١ی تشرینی یەکەم، ٨٨مین کۆنگرەی  ناوەندی پێنی نێونەتەوەی لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەکەدا ھەریەک لە بێریڤان دۆسکی، سەرۆکی شانازیی ناوەندی پێنی کورد، عەبدوڵا حیجاب و سەرکان بروسک، وەک شاندی ناوەندی پێنی کورد بەشدارییان کرد.

لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا، شاندی پێنی کورد بەشێوەیەکی چالاک بەشداریی لە کۆبوونەوەکاندا کرد و لە بابەتەکانی پەیوەست بە دۆخی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی کورد و ئازادیی ڕادەربڕین لە کوردستان، لەگەڵ شاندی وڵاتانی دیکە، گفتوگۆیان کرد.

نوێنەرانی پێنی کورد لە ھەر چوار کۆمیتەی ژنان، نووسەرانی زیندانییکراو، کۆمیتەی ئاشتیی و زمان و وەرگێڕدا بەشدارییان کرد و باسی دۆخی کوردستانیان کرد.

لەئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا، توانیان داخوازی بەفەرمیی ناساندنی زمانی کوردیی لە باکووری کوردستان و تورکیا بخەنە دەنگدان لە کۆنگرەدا و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، پەسەند کرا.

ھەروەھا نوێنەرانی پێنی کورد باسیان لە کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرھەڵدانەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و کردیان بە ڕۆژەڤێکی گشتیی لەناو کۆنگرەدا، ھەروەھا ھێرشی ڕژێمی ئێرانیان بۆسەر بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژھەڵات لە باشووری کوردستان و شەھیدکردنی ١٧کەس لە ئەندامانی حزبەکانی ڕۆژھەڵات، کە لەناویاندا ژن و منداڵ ھەبوون، خستە بەر باس و زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کرا.

دواتر، ڕاگەیەندراوێک کە گوزارشتی لە ھەڵوێست و پشتیوانی پێن دەکرد بۆ سەرھەڵدانەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و لەلایەن نوێنەری پێنی ئوسترالیا’مەنسور ڕەزاقی’، خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ئامادەکرابوو، خرایە دەنگدان و دەنگی تەواوی ئەندامانی کۆنگرەی بەدەستھێنا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرکوتکردنەکانی ڕژێمی ئێران، کوشتنی ژینا ئەمینی، موشکباران و بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژھەڵات و شەھیدکردنی ئەندامانیان و ھەموو ھێرشانەی ڕۆژێم بۆسەر خۆپیشاندانەرانی ئەنجام دەدات، شەرمەزار کران. 

لە کۆتایی کۆنگرەشدا دروشمی ‘ژن ژیان ئازادیی’ کە لەسەر دەیان پانکارت بە ئینگلیزیی نووسرابوون و لەلایەن شاندی پێنی کوردەوە ئامادەکرابوو، بەسەر ئامادەبواندا دابەش کرا و ئەندامانی کۆنگرە بەجۆشەوە بەرزیان کردەوە و وێنەی کۆتایی کۆنگرەیان تۆمار کرد.