پاراستنی گیانی نووسەر و رۆژنامەوانان ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.     

سەبارەت بە تیرۆرکردنی نووسەر سوهەیل خورشید عەزیز کە پاشنیوەڕۆی رۆژی ٢٨ی ئاب، لە بەردەم ماڵی خۆی لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان بە دەسڕێژی گولـلە  تیرۆر کرا، ناوەندی پێنی کورد تیرۆرکردنی ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە شەرمەزار دەکات.

سوهەیل خورشید، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، ساڵی ١٩٦٠ لە شارۆچکەی کفری لەدایکبووە، جگە لە زمانی کوردیی، زمانەکانی عەرەبیی و تورکمانیشی بە باشیی زانیوە.

لە ساڵی هەشتاکانەوە دەستی بە نووسین کردووە، لە سەرەتادا شیعری بە زمانی عەرەبیی نووسیوە، لە ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٨ چەندین بابەتی سیاسیی لە ڕۆژنامەى وڵاتدا بڵاو کردوەتەوە، پاش ساڵانی دووهەزار، لێکۆڵینەوە جوگرافیی و مێژووییەکانی لە دوو توێی چەندین پەرتووکدا بە کوردیی و عەرەبیی چاپ کردووە.

(مێژووی ناوچەی کفری لەکۆنەوە تا ساڵی ١٩٥٨)،(چینە کۆمەڵایەتیی و ڕێکخراوە سیاسییەکانی گەرمیان، لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠-١٩٧٠)، (ئەتڵەسی کەرکووک بەپێی ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵگەییەکان)، (ئەتڵيسی باشووری کوردستان)، پەرتوکی (ئابووریی ناوچەی کفری لە نێوان ساڵانی ١٨٥٠-٢٠٠٨ )، نمونەی بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەو نووسەرەن.

جاری یەکەم نییە کە نووسەر و رۆژنامەنووس لە باشوری کوردستان تیرۆر دەکرێن، بۆیە پێمانوایە ئەگەر لە ڕابردوودا بکوژی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران بەسزا بگەیەندرانایە، ئێستاکە دەستی تیرۆر بەو ئاسانییە و بە ڕۆژی ڕووناک نەدەگەیشتە سوهەیل خورشید-یش.

ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد، ئەو هەر هێرش و پەلامارە چەپەڵ و دڕەندەییانە ڕووڕەش و شەرمەزار دەکەین، خوازیارین بە زووترین کات تیرۆریستان ئاشکرا بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن و سزایان بدەن.

ناوەندی پێنی کورد

٣٠-٨-٢٠٢٢