ئەمڕۆ رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییە، ١٢٤ەمین ساڵوەگەری رۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو کورد پیرۆز بێت. ئەو کەسانەی لە هەموو (هەلومەرجێکی سەخت) و بە(کەمترین پێداویستی) لە هەنگاوێکی بەمشێوەیە (گەورە و شۆرشگێڕیی)ەدا، خزمەتکردنی (زمان، ناسنامە و هەبوونی) ئێمەی کوردیان بەدەستهێنا، ریفۆرمخوازی مەزن بوون. هەموو وشە و رستەکانی (رێزگرتن بەشی ئەوە ناکەن) کاتێک ناوی میقداد مەدحەت، سمکۆی شکاک، ئەحمەد محەمەد توراجانیزادە، گیو موکریانی، میر جەلادەت بەدرخان، ئیبراهیم ئەحمەد، پێشەوا قازی و هتد دەبیستین. ئەوان کەسانی هەرە زانای سەردەمی خۆیان بوون کە بە (شێوەیەکی دووربینانە) بە (پێنووس و گانفیدایی خۆیان)ەوە بوونە هۆکاری رێنسانسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە وڵاتە دابەشکراوەکەماندا.

پێیوستە ئێمەش رێگەی ئەوان درێژە پێبدەین و ئەرکەکانمان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەین، بەڵام بەداخەوە رووبەڕووی چەندین کێشە دەبینەوە، بۆیە پێویستە زۆر هۆشیارانە رەفتار بکەین. وەکو دەزانین، ئەو هەرچوار دەوڵەتەی کە کوردستانیان داگیرکردووە، هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی کورد و کەلتورەکەی بسڕنەوە. بەلاڕێدابردنی مێژووی کورد، دزینی کەلتوریش یەکێکە لە پیشەکانیان. زۆربەی جار هەوڵ دەدەن ناکۆکی و ململانێی نێوان کورد بەهێز بکەن بۆ ئەوەی بێهێز ببن. زۆریش بە ئاشکرا دەیبینین سیخوڕ و پیاوی خۆیان بەرداونەتە نێو حزب و راگەیاندنە کوردییەکان بۆ ئەوەی بۆ مەبەستەکانی ئەوان تێبکۆشن. وەکو گەلی کورد پێویستە ئێمە نەبینە داردەست بۆ جێبەجێکردنی ئەو یارییە بۆگەنانە.

بۆ نمونە، نەورۆز جەژنی نەتەوەیی گەلی کوردە ئەوەش هەموو کورد لەسەری کۆکە و هاوڕایە. هەربۆیە پێویستە ناو، بەها و نرخە بەهادارەکانی نەورۆز لە لای کورد زۆر باش بپارێزرێن و خۆیان بە خاوەنی بزانن. ئەرکی پاراستنی (ناو و مێژووی نەورۆز) دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان، هەر لە حزب، لایەنەکانی کوردستانەوە بگرە تا دەگاتە دەزگا و کەسایتییەکان؟ بەڵام لە هەموویان زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەوانان خاوەن بەرپرسیارییەتی کە ئاگاداری دۆخی وڵاتەکەیانن.

بەداخەوە نەورۆزی ئەمساڵ هەندێک کەس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەو بەرپرسیارییەتییە (نەتەوەیی و مێژوویی)یان لەدەست دابوو و بە تێڕوانینێکی بەرتەسک و دوور لە نەریتی کوردەواری لەبارەی نەورۆزی باکوورەوە نووسیان و هەواڵی پێچەانەوە و چاوەشەکارانەیان بڵاوکردەوە کە دەگوترا (نەورۆز جەژنی فارسەکانە) و باکوری کوردستانیشیان بە (باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا) ناوزەد کردووە. هەروەها لەگەڵ ئەوەی زازاکان بنەچەی هەرە بەهێزی کوردن، بەڵام پێیان دەوترێت زازا کورد نین، هەندێک جار دەڵێن ئێزدی کورد نین و دەیانەوێت بەو شێوەیە کورد پارچەپارچە بکەن. ئەوە راست نییە، پێویستە لە نووسین و قسەکانی خۆماندا زۆر ورد بین، بە زمانی دوژمن قسە نەکەین گەلەکەمان لەو یارییە بۆگەنە ئاگادار بکەینەوە. لێرەدا ئەرکی هەرە قورس دەکەوێـتە ئەستۆی رۆشنبیر و رۆژنامەوانەکان.

ناوەندی پێنی کورد وەکو نوێنەرایەتی رۆشنبیرانی هەرچوار پارچەی کوردستان و وەکو رێکخراوێکی نێونەتەوەیی، داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان وەکو مەترسییەکی مەزن دەبینێت و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش لەجێدا نابینێت، زانیاری وردی دانووستانەکانیان لەگەڵ تورکیا ناگەنە بەر دەستی خەڵک و ئەوەش گومانەکە بەهێزتر دەکات. گەلی کورد چاوەڕوانی ئەوان و دنەگێکی بەرزە لە دژی ئەو داگیرکارییە.

ئەمڕۆکە چەندین کەناڵی راگەیاندی کوردی، بە شێوەیەکی پیشەییانە کاری راگەیاندنیان گەیاندوەتە ئاستێکی بەرز، پێویستە ئەو دەرفەتان لە رێگەی راستدا بەکار بهێنرێن، نابێت رێگە لەبەرددەم هەندێک کەس بکرێتەوە کە لەدژی نەریت و مێژووی کورد و شارستانییە لەمێژینەکەیان هەستە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە بریندارو (بریندارتر) بکات. ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد کە خەبات دەکات بۆ (بەرژەوەندییەکانی زمان، وێژە، کەلتور و تایبەتمەندییەکانی پێناسەی کورد) لە هەموو (کوردستان، لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی)، هیوادارین کە دەنگی ئێمە بگاتە هەموو بەرپرسیاران و هەموومان بگەینە دەرەنجامێکی پءزەتیڤانە. داوا لە هەموو رێکخراو و کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین بە هەستایرییەوە لەگەڵ ئەو بابەت رەفتار بکەن، ناکۆک نێوان کورد گەرمتر نەکەن و لە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان دوور نەکەونەوە. پێویستە لە بەرانبەر سیخوڕی و دەستدرێژیی دوژمنانمان لەناوخۆشدا هۆشیار بن و رێگە لە راگەیاندنە لاڕێکاندا بگیردرێت.

ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد، داوا لە هەموو رێکخراو و دەزگاکانی راگەیاندن (رۆژنامەوان، کارمەندانی راگەیاندنە کوردییەکان) دەکەین کە بە بەرپرسیارییەتی و دووربینانە سوود لەو ئیمکاناتانەی بەردەستیان وەربگرن. با کاری هەموومان ئەو(هەنگاوە گرنگ و مەزنە) بێت کە لە وڵاتە مەزنەکەمان هەموو لایەنە سیاسییەکانی (ئاشتییەکی نێوخۆیی) بەهێزتر بکەن. تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانین بگەینە خواستە بنەڕەتی و مێژووییەکانمان.

تێبینی: بە پێویستی دەبینین کە رۆشنبیرانی هەژوار پارچەی وڵات، لەبارەی رۆژنامەگەریی کوردی و کێشەکانی (بە شێوەیەکی کراوە و پێشکەشکردنی بەڵگەی پێویست) لە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا، پێکەوە گەنگەشەی بکەن و دۆخەکە بخەنە بەرچاوان کە باشتر کارەکە بەڕێوەببرێت.

ناوەندی پێنی کورد

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢