سەرۆکی ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی بورهان سۆنمەز، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لە گۆڤاری زانکۆی هارڤارد بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاند کە، رەوەندی کوردی لە سەرتاسەری جیهاندا دەرفەتی جیاوازیان بەدەست خستووە و رۆشەنبیرانی کورد کاریان لەسەر پاراستنی زمان و وێژەی کوردی کردووە.

سەرۆکی ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی کە خۆیشی کوردی باکوری کوردستانە، لەو دیمانەیەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە دەرفەتی پەروەردەوفێرکردن بە زمانی کوردی لە تورکیا کەمە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نووسین بە زمانی تورکی پێ باش نەبووە. سۆنمەز ئەوەشی راگەیاند کە خوازیارە خەیاڵەکانی خۆی بە زمانی زگماکی بنووسێتەوە.

زمانی کوردی لە ژیانی خەڵکدا قەدەغە بووە

بورهان ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەوان ناچار بوون بە زمانی تورکی بخوێن و بنووسن و بەم شێوەیە درێژەی پێدا: “کە لە گوند بووین، ئێمە بە کوردی قسەمان دەکرد و بیرمان دەکردەوە، بەڵام ئەو زمانە لەژیانی گەلدا قەدەغە بوو، بۆیە ئێمە ناچار بووین تورکی فێر ببین و بخوێنینەوە. بەو شێوەیە تورکی بووە زمانی ئێمە لە هاتوچۆمان بۆ بازاڕ و خوێندنگە و کارگەکان، بەڵام کوردی لە گوند بۆ چیرۆک و ئەفسانە و گۆرانییەکانمان، وەکو زمانێکی خەیاڵ بوو، هەبوونی ئوە هەستە دووفاقییە، دواتر رێگەی لەبەردم پێنووسەکەی من کردەوە”.

حەزم نەکردووە بە تورکی بنووسم

بورهان باسی ئەو گرفتانەی کرد لەبەردەم پەروەردەوفێرکردن بە زمانی کوردی و رایگەیاند: “حەزم نەکرد بە تورکی بنووسم. بۆ ئەو کەسانەی وەکو من کە لە تورکیا گەورە بوونە، ئەو دەرفەتە نەبوو. بۆ نمونە ئێمە لە خوێندنگەی سەرەتایی خۆماندا پەرتوکی کوردیمان نەدەدی. کاتێک خوێندنی زانکۆم تەواو کرد و دەستم بە کاری پارێزەریی کرد، کتێبی کوردی لە تورکیا بە شێوەیەکی یاسایی پەیدا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەستخستنیان ئاسان نەبوو. چونکە ئەو بازرگانییە هێشتا بنەمایەکی نەبوو. رەوەندی کوردی لە سەرتاسەری جیهان دەرفەتی جیاوازیان رەخساند و رۆشنبیرانی کورد لەسەر کەلتور و پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی کاری فراوانیان کرد، ئێستاکە دۆخە گۆڕانی بەسەر دادێ، چەندین وەشانگەی کوردی لە تورکیا هەن، نەوەیەکی نوێی کورد بە کوردی دەنووسن و بە سەرکەوتوویی بڵاویدەکەنەوە. کوردی بۆ من بوەتە زمانی خەیاڵ، هیوام وایە لە کۆتاییدا کتێبێک بە زمانی زگماکیم بنووسم، ئەو کاتە خەونەکەم دەبێتە ڕاستیی، هیوادارم بتوانم لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو کارەم سەربگرێت”.

بەردەوامی چاوپێکەوتنەکە بە زمان ئینگلیزی لەم لینکەدا بخوێنەوە: