لە تورکیا گوشار هەراسانکردنی ڕۆژنامەنوسان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە گەشەسەندن دایە. دواجار لە دیاربەكر، زۆرێك لە كارمەندانی میدیایی و ڕۆژنامەنووسانی کورد، دوای هەڵكوتانە سەر ماڵەكانیان، دەستبەسەر كران.
بەپێی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێزدە ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزەکانی ئەمنیی تورکیاوە دەستگیر کراون کە لە نێویاندا سەردار ئاڵتان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دجلە و فورات و سەفییە ئالاگاش بەڕێوەبەری ئاژانسی ژن نیوزیش هەن. ناوی ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوەکانی دیکە بریتین لە: گوڵشەن کۆچاک، عومەر چەلیک، عەزیز ئۆروچ، سوعاد دۆگوهان، ڕەمەزان گەچیکەن، بێریڤان کاراتۆپراک، نەشە تۆپراک، ئیبراهیم کۆیونجو، ئەسمەر تونج، محەمەد شاهین و زەینەلعابدین بولوت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سێ ڕۆژ لەمەوبەریش دجلە موفتوئۆغلو، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دجلە – فورات دەستبەسەر کرابوو، بەڵام دوێنێ ئازاد کرا.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە زانیومانە کە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بینای ئاژانسی ژن نیوز.
ئێمە وەکوو ناوەندی پێنی کورد، بە گوشار و چەوساندنەوەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینیان زۆڕ دڵگرانین و ئیدانەی دۆخەکە دەکەین، داوا دەکەین ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
ناوەندی پێنی کورد
کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢