لەم چەند ساڵەی دواییدا، بە ئیمکانیەتێکی تەکنیکی زۆر کەم رۆژنامەنووس و رۆشنبیر چەندین راستی شاراوە و رووداوی چەوتیان خستووەتە بەرچاوان کە لە چوارپارچەی وڵاتەکەمان یەک لە دوای یەک روودەدەن. ئەو هێرشانەی بەرانبەر کورد دەکرێن، بە ئاشکرا لە راپۆرتە نێونەتەوەییەکان باسیان دەکرێت. هەربۆیە، گرتن و هەڕەشە لەسەر رۆژنامەوان و نووسەرانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەبێ ڕاوەستان پتر دەبن و بەردەوام دەبن.

 لە تورکیا، گرتن، ئەشکەنجەدان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە، مێژوو و دابونەریتی گەلی کورد گەیشتوەتە ترۆپک. هەر چەندڕۆژ جارێک دەستەیەکی بژاردەی کورد دەستگیر دەکرێن، لە زیندانەکان رەفتاری دڕندانەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام دیسانیش ناتوانن بەربەست بخەنە بەر دۆزی کورد کە لەسەر بناغەیەکی پتەو بونیات نراوە. بە واتایەکی دیکە، ئێمە بەو ڕەفتارانەوە هەست دەکەین کە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان (بێهێزیی دەوڵەتی داگیرکەر) و لە لایەکی دیکە (بەهێزبوونی دۆزی کورد لە هەموو لایەکەوە) بە ڕوونی دەرکەوتوون.

 لە دواترین هەوڵیاندا، قەدری ئەسەن، رۆژنامەنووسی کورد کە خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەی خوەبوونە دەستگیر کراوە، ناوەندی پێنی کورد لە تووندی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە و ئەو زوڵم و زۆرییەی لە دژی گەلەکەمان بەڕێوەدەبرێت، شەرمەزار دەکات ن داواکارین لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت.

وەکو هەموو جارێکی دیکەش، بانگەواز دەکەین کە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە جیاتی (نکۆڵیکردن، گرتن و هەەڕەشەکانیان) هەبوونی کورد قبوڵ بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی یەو رەفتارە دژە دیموکراتییانە بێت. بەو شێوەیە ناتوانن راستییەکان پەردەپۆش بکەن.

ناوەندی پێنی کورد

١٦/نیسان/ ٢٠٢٢