پاش تێپەڕبوونی سەدەیەک لە دامەزراندنیدا، نووسەرێکی کورد بە سەرۆک ناوەندی نێونەتەوەیی “پێن” هەڵبژێردرا.

لە ڕۆژانی ٢٠-٢٤ی ئەیلوول، ناوەندی نێوەنەتەوەیی پێن کە لە ١٤٧ ناوەندی نووسەرانی جیهان پێکهاتووە، لە ٨٧ ـەمین کۆنگرەی خۆیدا، نووسەرێکی کوردی وەکو سەرۆکی ناوەندەکە هەڵبژارد.
بورهان سۆنمەز، نووسەری کوردی باکووری کوردستان کە هاوکات ئەندامی ناوەندی پێنی کورد و ناوەندی پێنی تورک و پێنی ئینگلیزیشە، لە ٨٧ـەمین کۆنگرەی ناوەندی نێونەتەوەیی پێن، لەلایەن ناوەندەکانی کەتەلان، باشووری ئەفریقیاوە پێشنیار کرا و دواتر وەکو سەرۆک هەلبژێردرا.
بورهان سۆنمەز، رۆماننووسی کورد، ساڵی ١٩٦٥ لە باکووری کوردستان لەدایک بووە، بەشی یاسای لە زانکۆی ئیستانبۆل تەواو کردووە، یەکەمین ڕۆمانی بەناوی (باکوور) لە ساڵی ٢٠٠٩ لە تورکیا بڵاو کراوەتەوە. دووەمین ڕۆمانی بەناوی (بێگوناهان) لە ساڵی ٢٠١١، سێیەمین ڕۆمانیشی بەناوی (ئیستانبۆل ئیستانبۆل) لە ساڵی ٢٠١٥، “هەزار لا” ڕۆمانی چوارەمییەتی کە لە ساڵی ٢٠١٨ چاپ کراوە. نوێترین ڕۆمانیشی بە ناوی (بەرد و سێبەر) لە سالی ٢٠٢١ چاپ و بڵاو بۆتەوە.

سۆنماز تا ئێستا چەندین خەڵاتی ئەدەبی ناوداری وەرگرتووە وەکو خەڵاتی ئاشتی ٢٠١٧ لە نیۆیۆرک، خەڵاتی ئێبرد ٢٠١٨ لە لەندەن.
ڕۆمانەکانی بورهان لە وڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا چاپ و تەرجومە کراون.
بورهان جگە لەوەی نووسەرێکە، وەکو پارێزەرێکییش چالاکی خۆی هەبووە. ئەندامی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ (IHD) و دامەزرێنەری (ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، کولتوور و هونەر- TAKSAV) بووە. لە ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە سەختی بریندار کراوە، دواتر لە لایەن (پشتگیریکردنی ئازادیی ئەشکەنجەدراوان) بۆ ماوەیەکی درێژ لە بریتانیا چارەسەر کرا.
سونماز ئەندامی دەستەی دادوەرانی خەڵاتی ئەدەبی جەودەت قودرەت لە ساڵی ٢٠١٤ و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژنێڤ بووە.
ناوەندی نێونەتەوەیی پێن لە ساڵی ١٩٢١ لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا دامەرزاوە، لە ئێستادا ١٤٧ ناوەندی دیکە ئەندامی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییەن.