ساڵی ڕابردوو بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر، مامۆستا زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی زگماکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان (کوردستانی ژێر دەستی ئێران) لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، دواتر بە بارمتەی دارایی ئازاد کرا، پاشان لەلایەن دادگای شاری سنە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

لە قۆناغەکانی سکاڵاکردن و تانەلێدان لە بڕیارەکەی دادگا، دەسەڵاتی ئێران چەندین جار تۆمەتەکانی زارای گۆڕیوە و هەر جارە و بە تۆمەتێک داوای سزادانی کردووە.

دواجار دوای تانەلێدان لە سزای دە ساڵ زیندانیکردن، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە سزاکە بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە، جارێکی دیکە تانە لە بڕیارەکە درایەوە و نێردرایە دادگای باڵای ئێران.

دوێنێ بە فەرمی بە زارا راگەیاندراوە کە سزای ٥ ساڵ زیندانیکردن لە دادگای باڵای ئێران پشتڕاست کراوەتەوە و پێویستە لە ماوەی١٠ رۆژدا خۆی بە زیندانی ژنان لە سنە بناسێنێت بۆ ئەوەی سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنەکەی لە گرتووخانە بەسەر ببات.

لەگەل ئەوەی چەند ئەندامێکی لێژنەی دادوەران ئیمزایان لەسەر سزادانەکە نەکردوە و داوایان کردووە مادەی ٤٧٧ یاسا جێبەجێ بکرێت و پێشێلکارییە یاساییەکانی بڕیارەکە دیاری بکرێت و جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێتەوە، بەڵام ئەوەیش ڕەت کراوەتەوە و بڕیارەکە نێردراوە بۆ دادگای جێبەجێکردنی سزاکان، ئەویش مۆڵەتێکی چەند ڕۆژەی بۆ زارا دیاریکردووە کە پێیوستە خۆی ڕادەستی زیندانی ژنان لە شاری سنە بکات.

ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد، کە پاراستنی زمانی دایک یەکێکە لە ئەرکەکانمان، رایدەگەنین کە، جێگەی مامۆستای زمانی دایک زیندان نییە، لێرەوەش رایدەگەینین کە پێویستە هەموو ناوەندەکانی نووسەرانی جیهان پشتگیریمان بکەن بۆ ئەوەی کەمپینێکی جیهانی رابگەینین و پشتیوانی نووسەرانی جیهان و پارێزەرانی زمانی دایک بۆ مامۆستا زارا محەمەدی رابگەینین.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

ناوەندی پێنی کورد