ڕۆمانی جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لە گەڵ خۆیدا دەیبرد، ڕۆمانێکە نووسەر لە زمانی وەگێڕی ڕۆمان سالار خان برازای کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە واتا “جەمشید خان” خەریکی گێڕانەوەیەتی. سەرەتای ڕۆمان بەم چەشنە دەست پێدەکات: “جەمشید خان لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩دا بۆ یەکەم جار کە گیرا تەمەنی حەڤدە ساڵ بوو، ئەو کات بەعسییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا دەستیان کردبووبە ڕاوەدوونان و گرتن و ئازاردانی کۆمۆنیستەکان کە تا ماوەیەکی کورت لەوەبەر یەکێک لە ەاوپەیمانە سەرەکییەکانی شۆڕش و سەرۆکی فەرماندە بوون” (لاپەڕە ٣). وەگێڕ باس لە چۆنیەتی گلان و پەیوەندی جەمشید خان لە گەڵ چەپەکاندا دەکات و دەڵێ “کەسمان بە دروستی نازانین جەمشید کەی و چۆن ببوو بە کۆمۆنیست. بە تایبەت خێڵی ئێمە یەکێک بوو لەوانەی پێشتر کۆمۆنیستی تیا هەڵ نەکەوتبوو” (پێشوو). جەمشید بە ەۆی ئەشکەنجەی بەعسییەکانی عێراق زۆر لاواز دەبێ و کێشی تا ڕادەیەکی زۆر دادەبەزێ و لە یەکێک لەو شەوە ترسناکانەدا لە کاتی ئەو گواستنەوەیەدا کە کەس نازانێ چی ڕوو دەدات، بایەکی لە ناکاو و زۆر بە هێز دێت، بۆ یەکەم جار ئەو بایە جەمشید خان لە سەر زەوی بەرز دەکاتەوە.
ئەمە دەبێتە یەکەم وانەی فڕین لە مێژووی جەمشیددا. یەکەم وانەی فڕین و گۆڕان بەرەو دونیا جیاواز و شوناسە جیاوازەکاندا. جەمشید لە بیریەتی تا لە ئاسماندا بوو کۆمۆنیست بوو، بەڵام ەێندەی لەو سەربانەدا نیشتەوە ئیدی کۆمۆنیست نامێنێت (لاپەڕە ٦). جەمشید جار دوای جار لە گەڵ هەموو فڕین و کەوتنە خوارەوەکانیدا بەشێک لە یادەوەرییەکانی وندەبن و کاڵتر و کاڵتر دەبنەوە و هەر کات دەگاتەوە سەر زەوی شتێکی گرینگی تیا دەگۆڕێت و خولیایەکی قووڵ و شێتانەی تیا وەردەگەڕێت. جەمشید لە سەرەتاییترین تۆق و ئەڵقەی پەیوەندی بیرەوەریەکان کە گێڕانەوەیە و هەڵگری گواستنەوە و فێرکردن و ئەزمونوەرگرتن بێ بەش بووە. ئەو تەنانەت لە قۆناغی لەبزی و زارەکی تێناپەڕێ و پچرانی لە گەڵ ڕابردوو دەبێتە ەۆی لە ناو چوونی بیرەوەریەکانی.
وەگێڕ باس لە هەر جار کەوتنە خوارەوەی جەمشید دەکات و دەڵێ:جەمشید هەر جارێک لە ئاسمان بەر دەبێتەوە لەو کەوتنەخوارەوەیەدا شتێک لە یادەوەرییەکانی وندەکات و گۆڕانێکی نوێ بە سەر کارەکتەریدا دێت(لاپەڕە ٤٨).کەسایەتی جەمشید وهەا کارەکتەرێکە کە لە هەر جار بەر بوونەوەکانیدا شوناسێکی نوێ بە دەست دێنێت و بە شێوەیەک ەیچ خۆ ئاگامەندیێکی پەیوەست بەو جەریانانەی کە پێشتر ڕووی دابوون لە یادی نامێنێت. جەمشید لە هەر کەوتنە خوارەوەیەکدا دەمامکێکی دی بە خۆی دەگرێ، رۆژێک ڕۆڵی سیخۆڕی بۆ سوپای بەعسییەکان دەگێڕێ و ڕۆژی دی بۆ ئێرانیەکان و دەمێک لە شاخ لای گەریلاکان و دەمێکیش کەسێکی ئایینی و … بە ئەژمار دێت.
لەم نێوانەدا جەمشید ەێمایەکە لە تاکی کورد و بە گشتی مێژوویی تڕاژیکی نەتەوەی کورد کە هەردەمی و با بە جۆرێک لە گەڵ خۆیدا ئەیبا. با ڕۆڵی لە دەست دان و لە بەین چوون دەگێڕێ لە ناو ڕومانەکەدا واتە لە بەین چوون و لە دەست دانی یادەوەرییەکان. ئەم تاکی بە پارچە پارچە کراوی کوردە کە با هەر دەم لە گەڵ خۆیدا دەیبات دوای دابەزینەوەی لە سەر زەوی تەواو یادەوەرییەکانی پێشوو لە دەست دەدات. کە ئەمە دەبێتە ەۆی دروست بوونی دۆخێکی تڕاژیک و قەیران گەلێکی زۆر لە ژیانی جەمشیددا. جەمشید خان وێنەی ڕاستەقینەی تاکێکی کورد و بە تایبەت مرۆڤی ئەم سەردەمەیە کە هەر جار لە بەربوونەوەکانیدا شوناسێکی نوێ بە دەست دێنێت و تەواوی مێژووی ڕابردوو لە یاد دەکات بێ ئەوەی کەڵک و ئەزموون لە ڕووداوەکان وەرگرێ.
کاراکتەری جەمشید لە هەر ئەفرۆز و هەڵبەزینێکدا تەواو ڕابردووی لە بیر دەچێتەوە و دەبێتە مرۆڤێکی جیاواز لە کەسایەتیەکانیتر کە ئەزموونی کردبوون. جەمشید چیڕۆکی مرۆڤی سەر لێشێواو و پارچەپارچە کراوی ئەم سەرددەمەیە و بە تایبەت نەتەوەی کوردە کە لە هەر قۆناغ و زەمانێکدا لە گەڵ کێشەگەلێک ڕووبەڕوو بۆتەوە و نەیتوانیوە لەو لەمپەرانەی بۆی ەاتۆتە پێش ئەزموونی تایبەت و بەسوود وەرگرێ. نووسەر بە گشتی لە چیڕۆکەکانیدا خەریکی گێڕانەوەی مێژووی تڕاژیکی نەتەوەیەکە کە تەژی بووە لە کارەساتگەلی جۆراوجۆر و لە کۆتایی زۆربەی بەرهەمەکانیدا تەنیا ئاسۆ و ڕێگا چارە بۆ ئەم مرۆڤی باەێڕ و سەرگەردانە کۆچ و ڕۆشتن دەزانێ. مژاری کۆچ کردن لە زۆربەی بەرهەمەکانی نووسەردا بە جوانی ڕنگی داوەتەوە. کۆچ کردن ەێما و واتایێکە لە ناڕازی بوون. نووسەر ڕابردوو بە هەرێمی جەبر دەزانێ و لە بەرامبەردا داەاتوو بە مەیدان و هەرێمی ئازادی و سەربەخۆ ژیان کردن. هەر بۆیە لە کۆتایی زۆربەی بەرهەمەکانیدا ئاسۆگەلێکیتر بۆ قارەمانەکانی بەدی دەکات و دەیهەوێت لەو بەستێن و جەبری جۆغرافیک و لەو مێژووە تڕاژیکە ڕزگاریان بکات.
جەمشید کە چیدی هیوا و ئۆمێدێک لە ژیان لەو کۆمەڵگایە بەدی ناکات بەرەو ژیانێکی بەرزتر هەنگاو هەڵدێنێ و لە کۆتاییدا ڕێگای سەفەرێکی دوور دەگرێتە بەر و بە گۆڕینی شوێن، جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆی دەدۆزێتەوە. جەمشید بە هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایە خۆی ئازادتر و سەربەستر لە هەر کەس دەزانێت، ئەو دەیهەوێ ژیانێکی ئازاد و بێ شەڕ و قەیران ئەزموون بکات. جەمشید دوای ڕۆشتنی بە ئەو پەڕی خۆشحاڵییەوە باسی ئەوە دەکات کە بە تەنیا دەتوانێت بە سەر زەویدا بڕوات و لە با نەترسێت. “من چیتر ئەو جەمشید خانە نیم کە هەمیشە با لە گەڵ خۆیدا دەیبات ئێستا کێشم وردە وردە پڕ دەبێتەوە و دەبم بە کەسێکی ئاسایی” (لاپەڕە ١٥٠).
ئەو لە دوا دێڕی نامەکەیدا کە بۆ گێڕەوەی چیڕۆکەکەی نووسیوە پەیمانی ئەوە ئەدا بە سالارخان کە بە ناردنی بلیتێک سەفەری بۆ دەکڕێت و دەینێرێت بۆی تا لەو وڵاتە دوورە لە ناو ئەو نەتەوانەدا کە ڕێزی لێدەگرن ببێ بە میوانی(لاپەڕە ١٥٠).ئەو بەو هەڵبژاردنە بڕیارێکی مەزنانە لە سەر ژیانی ئازاد و سەربەستی خۆی دەدات.
نووسەر لە کۆتایی ڕۆماندا ئاماژە بەم خاڵە دەکا کە دوو دڵە لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە.”دوو دڵم لە گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکە کە دەزانم ئەوانەی جەمشیدخانیان بەڕاستی نەبینیوە نە هەرگیز باوەڕی پێدەکەن و نەهەرگیز تێیدەگەن”(لاپەڕە ١٥١).مەبەستی سەرەکی نووسەر لەم دێڕەی کۆتاییدا بە دڵنیاییەوە تاکی کورد نییە،چون بۆ هەر مرۆڤێکی کورد ئەو مێژووە ئاشنایەو هەست بە جۆرێک ەاوشێوەیی و ەاودەنگ بوون لە گەڵ جەمشیدخان دەکات.کارەکتەری جەمشیدخان بۆ کەسانێک نامۆیەو سیحراوی کە ەیچ پێناسەیەکیان لە مێژووی کورد نییە،بە قەولی گابریل گارسیا مارکز دەڵێ:ئەو شتانەی کە من لە ڕۆمان و داستانەکانمدا دەیڵێم و جادوویانە دەردەکەوێت ئەسڵەن لە وڵاتی من سیحراوی نین،ئەوانە ڕووداو گەلێکن کە ڕوویان داوە و ڕوودەدەن،ئەو ڕاستییانە لە کۆمەڵگاو بەستێنێکیتردا دبێتە جادوو.هەر بۆیە بۆخوێنەری نائاشنا بە کولتوور و مێژووی کورد گێڕانەوە لە هەر چەشنێک وەک خەیاڵ دەچێ.نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە ریئالیسمی سیحراوی زۆر بە جوانی ڕاستی و خەیاڵ ئاوێتەی یەکدی دەکات.لە ریئالیسمی سیحراویدا ڕاستی و خەیاڵ لە یەکتر جودا نابنەوەو بە جۆرێک جیاکردنەوەی ئەم دووە بۆ بەردەنگ کێشەسازە.تایبەت بوونی ئەم ڕێبازە ریشەی لە هەقایەت و ئەفسانەکانی نەتەوەیەکدایەو پاڵپشتی سەرەکی ناو ئاخنی ئەو زۆرتر دەمارگرژییە سیاسییەکان،زوڵم،هەژاری،جیاوازی رەگەزی و گەڕان بە دوای ناسنامەی نەتەوەیەوەیە.چاند و وێژەی هەقەت خوازی سیحراوی لە هەناوی ژیانی ساکارو رۆژانەی گەلدا جوڵەی هەیە و لە گەڕدایە.پەیوەندی نێوان ڕاستەقینەو خەیاڵ لەم ڕۆمانەدا بە جوانی ئاشکرایەو نووسەر نیشانی داوە کە مێژووی کوردوستان چۆن گلاوەتە ناو جادووەوە واقعیتی ئەوانیش چەندە بۆ مرۆڤ گەلی نائاشنا بە مێژووی کورد بۆتە شتێکی جادوویانە.