ناوەندی پێنی کورد بە بیستنی هەواڵی کۆچی یەکجاریی جەعفەر مایی، نووسەر و لێکۆڵەری بواری کۆمەڵایەتی خەمبارە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی مایی و رۆشنبیر و نووسەرانی کورد و بادینان دەکات.
جەعفەر مایی لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی مایێ لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە دهۆک و بەغدا تەواو کردووە، لە سالی ١٩٩٠ەوە لە وڵاتی سوێد دەژیا، ساڵی ٢٠٠٤ جارێکی تر گەڕاوەتەوە کوردستان و وەکو توێژەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەستبەکار بووە.
جەعفەر مایی جگە لە بواری کۆمەڵایەتی، چیرۆکنووسیش بووە، ژمارەیەک کتێبی لە بواری پەروەردەیی چاپ و بڵاو کردوەتەوە بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، هاوکات کۆمەڵە چیرۆکێکیشی بە زمانی کوردی شێوەزاری بادینی چاپ و بڵاو کردوەتەوە.
مایی لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، بەداخەوە سەرلەبەیانی رۆژی ٢١ی نیسان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی پێنی کورد
٢٢/٤/٢٠٢٢