بەناوی قەڵەم و هۆشیاری

کانونی یەکەم 21, 2019

شەپۆڵێکی فراوانی رەشبگیری لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە کە زۆربەی دەستگیرکراوەکان چالاکانی کەلتوری و نووسەرانن، لەم نێوەندەشدا پارێزگای کرماشانیش کەوتوەتە بەر ئەو رەشبگیرییە، لە ١٠ی کانوونی یەکەم چەندین رۆژنامەنووس و چالاکانی وەکو (عەباس جەلیلیان- ئاکۆ، هومایۆن عەباسی، ئەنیسا جەعفەری میهر، شەهریار رۆستەکی، فەرزاد سەفەرە، سوهراب مورادی، داریوش مرادی، ئەحمەد بساتی، فوئاد مزەفەری و ….) دەستگیر کران، رەشبگیرییەکە هێشتاش بەردەوامە. تا ئێستا تەنیا شەهریار رۆستەمی وخاتوو ئەنیسا جەعفەری میهر بە کەفالەت ئازاد بوون، لەبارەی دەستگیرکراوەکانی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی بە هێرشێکی توند خەریکی دروستکردنی ترس و توندوتیژییە، سەقامگیرکردنی دۆخی ئاسایش لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە.

ئێمە وەکو ئەندامانی ناوەندی (PEN)ی کورد، رایدەگەیەنین کە ناتوانرێت بە هۆکاری لەو شێوەیە دژایەتی قەڵەم بکرێت، ناتوانرێت بە هۆکاری لەو شێوەیە رێگە لە پەرەپێدانی هۆشیاری و کەلتورسازی بگیردرێت، ناتوانرێت یاسای وەڵاتیبوون پێشێل بکرێت و نووسەران و چالاکوانانی کەلتوری بخرێنە زیندانەوە، چونکە دەرەنجامەکەی ئاشکرایە، “توندوتیژی، توندوتیژی دێنێتەدی” ئەگەر نەتوانرێت لەڕێگەی ئاشتیانە بە ئامانجی بەرزی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو گەیشت، ئەوکاتە نەرمیی قەڵەم و زمان جێگەی خۆی دەداتە رەفتاری ناشارستانیانە. ئەوە بەسە سەیرێکی لیستی ناوی دەستگیرکراوەکان بکەین، کۆمەڵێک کەلتوردۆست و نووسەر کە تەنیا خوازیاری جیهانی جوانترن، ئەوەش لە ڕێگەی قەڵەم و دانووستان، بە چ تاوانێک دەبێت دەستگیر بکرێن؟ ئەمە پرسیاری هەموومانە.

ئێمەی ئەندامانی ناوەندی (PEN)ی کورد، بەپێی پەیڕەوپڕۆگرامی خۆمان لە پاراستنی شکۆی مرۆیی لە پەنای پاراستنی ئازادییە شارستانیی و کۆمەڵایەتییەکان، پشتیوانی خۆمان بۆ دەستگیرکراوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی رۆژهەڵات ڕادەگەیەنین و داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەکەین کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت و دەستگیرکراوەکان کە بەبێ هیچ بەڵگەیەک خراونەتە زیندان و دۆخێکی نادیاریان هەیە، هەرچی زووترە ئازاد بکرێن.

بکرێن.