یوسف مەنتک

 ڕۆمان لە نووسینی برای هێژا نووسەری تاراوگە نشین ئەنوەر ئەڵمان،

خوێندنەوەی ڕۆمانی بێ دەنگی شەوی بۆندار ، کاریگەری بابەتەکە و فرەدەنگییەکانی جێ سەرنج و بایەخ بوون بۆیە ئەم چەند دێرەم بە پێویست زانی بیاننووسم هیوادارم توانیبێتم خشتێکم بۆ بابەتەکە زیاد کردبێت، لایەنی هونەری وتەکنیک وفۆرمی گێرانەوەکان من زۆر ناچمەسەری ئەوە جێ دەهێلم بۆ ڕەخنەگران وپسپۆڕانی بواری ئەدەبی هونەری گێڕانەوە.

لە ڕووی تێماوە ڕۆمانەکە، فرەدەنگ و فرەڕەنگە، ئەمەش بە بروای من سروشتی پلۆت و بنیاید گێڕانەوەکە وای خواستووە، چونکە کاتێک واقیعێك لەناو ڕۆمانەکە دەخولقێنی تێیدا لە ڕووی نەتەوەییەوە کورد، عەرەب، فارس و جوو و ئاشووری و ئەرمەن بن و لە ڕووی ئایینەوە ئیسلام جوو، مەسیحی و ئایینی دیکە بن، ئەوا پیویست دەکات ڕۆمانەکە فرەدەنگ و فرەرەنگ بێت. فرەدەنگ بەو مانایەی دەبێ گێڕەرەوە لەناو ڕۆمانەکە دەرفەت و بوار بداتە هەر یەک لەوانە لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە گوزارشت لە خۆیان بکەن. فرەڕەنگە بەو مانایەی هەموو ئەمانە لە شوێنێک ژیاون پێیدەڵێن کوردستان. ئەو نیشتمانەی خودان مێژووی سەردەمەکانی میتانی و میدیایی و سۆمەری و ئاشووری و ساسانییە. لەم ڕۆمانەدا هەموو ئەمانە بەیەکەوە نیشاندراون. ئینجا بە هۆی سەپاندنی کولتوور و ئایینێکەوە، کە ئایینی ئیسلامە نەتەوە و ئایینیەکانی تر پەراوێز دەخرێن. ئایین دێت زۆر کولتوور و دابونەریت لە بەرژەوەندی خۆی دروست دەکات و دەیانکات بە ڕێسا.

ئەم ڕۆمانە بە پێشەکییەکی ڕۆماننووس “شێرزاد حەسەن”، کە تێیدا ئاماژە بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دەکات. هەروەها لەوێدا ئەوە دەسەلمێنێت ئەم دەقە نۆڤلێتە، نەک ڕۆمان. ئەویش بە گەڕانەوە بۆ مێژووی نۆڤلێت لە ئەدەبی کوردیدا. بنەمایەک بۆ نووسینی دەق دادەنێت ئەویش بنەمای داهێنانە. ئەمە پنتێکی جەوهەرییە لەوەی لە ئەدەبی کوردیدا هەمیشە ئەو قسەیە باوە من یەکەم کەس بووم ئەوەم نووسیوە! ئەم شەڕی یەکەم کەس بوونە کولتوورێکی خراپی مێژووی ئەدەبی کوردییە، گرنگ ئەوەیە دەقەکە تا چەند داهێنانی تێدایە، تا چەند نوێیە و بەشدار دەبێت لە پێشخستنی ڕەوتی ئەدەبی کوردی. ئەم قسەیەی “شێرزاد حەسەن” ڕێک پڕ بە پێستی ئەم دەقەیە، چونکە ڕۆماننووس توانیویەتی زۆر جوان وێنە و تابلۆی کوردستان لە رووی پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانەوە بکێشێت. بۆ ئەمەش زۆر جوان سوودی لە مێژوو وەرگرتووە، بەلام ڕۆماننووس مێژووی دووبارە نەکردۆتەوە، بەڵکوو مێژوو و واقیعێکی تری خولقاندووە، کە هیی ناو ڕۆمانەکەیە. بۆ نموونە کاتێک باسی “کەریمی عەلەکە” دەکات، وەک فیگەرێکی مێژوویی، کە پیاوێکی مەسیحی بووە و کراوەتە وەزیری دارایی لە حکوومەتەکەی شێخ مەحمووددا. ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەم خاکە، خاکی هەموان بووە. ئەم پیاوە کەسێکی ڕاستگۆ بووە خەمی خەڵکی بووە و هەمیشە یارمەتی هەژاران و برسی و کەسانی لێقەوماوی داوە بەبێ ئەوەی لایەنی ئایین و نەتەوە بکاتە پێوەر، بەڵکوو وێنەیەکی ڕاستەقینەی مرۆیی نیشانداوە. ڕۆچۆتە قوڵایی مێژوو ئاماژە بە هەموو پێکهاتەو ئازارەکانیان بکات، کاراکتەرەکانی نێو ڕووداوەکانی ڕۆمان بە ڕاناوی کەسی یەکەم و سێهەمن، بوونی فلاش باک و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەلالەتی ڕەسەنایەتی و خودان مێژووییە، بوونی کۆمەڵێک کۆد و سیمبۆل، لەنێو ئاخافتنی کاراکتەرەکان و شوێنەجیاوازەکان بابەتی ڕوداوەکانی بەهێزترو هونەری جوانتر پیسان دەدەن.

هەندێک برین هەن لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا ڕۆمانەکە تیشکی خستوونەتەسەر. بۆ نموونە شادومان خۆی هەڵدەدێرێت تەنیا بە هۆی ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە نێرەمووک بووە و لە لایەن تاەکانی کۆمەڵگەوە ڕەت کراوەتەوە. ئەمەش بە هۆی کولتوورەوەیە. پیشاندانی ڕۆشتن بە ڕیگەی قاچاغ بە بڕوای من پیشاندانی کۆچی بەردەوامی کوردانە بە درێژایی مێژوو، ئەویش بە هۆی داگیرکاری لە لایەن نەتەوە و وڵاتانی زلهێز و دەوروبەرەوە. دادگاییکردنی سەردار لەژیر سێبەری ئایەتولا خومەینی، شەڕی ئێران و ئێراق، تام و بۆن لەدەستدانی زاگرۆس، هەلدێرانی شادومان و مردنی هۆگر وەک قوربانییەکی کۆچ بەرەو تاراوگە، خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێر لە ٣.٥. ١٩٨٣، دروستکردنی پاسەپۆرتی تەزویرو گۆڕینی ناوشوناسی مەتی یووسف بۆ سەردار، خواردنی پۆستاڵ لە خەوندا بە خەیالی گیپە، وکاریگەرییەکانی شەڕ بەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە، خواردنی ناوساجی لە ڕێگەی قاچاخ، مانەوە لە کەمپ، کەسێتی ژنی لیسبە و مرۆڤی نێرەمووک، گرانی لەسەردەمی جەنگی ئێران و ئێراق، قەرەباڵغی وتێکچرژانی شەقامەکانی تاران و بێ سەرو بەری ڕێگەو بان و هاتوو چۆ، بەراورد کردنی سەردەمی شا وەک بەهەشتێک و بە جەهەنەمی سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕووداوی سەیارە، فڕۆکەخانە، چوون بەرەو ئەوروپا، هەموو ئەمانە دەلالەتی پێکهاتەو واقیعی کۆمەلگەی ولاتانی ئیسلام و کوردستانی داگیرکراو دەکەن بە هەموو پێهاتەکانییەوە، هەریەکەیان بۆخۆیان کۆدو سیمبولێکن. لە کۆمەلگەیەکدا کە شەڕو مالوێرانی وکۆچ بووەتە کولتووری زاڵی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییەکانی.

نیشتمانێک بەتام وبۆی ئازارو ئەشکەنجەی هاوڵاتییەکانی بەدەستی داگیرکەران، لەم وولاتی ویرانەی داگیرکراوە کورد بوون چەندە زەحمەتە، مەسیحی و جولەکە و ئەرمەنی بونیش هەروا زەحمەت، مرۆڤ گەلێک لە سەر خاکی باب وباپیران، لەسەر خاکێک لەدایک بوو، خاوەنی ڕەگێکی قوڵی مێژوو کولتوور، داب ونەریت، خاوەنی سەدەهاو دەیەها بیرەوەری و بەسەر هات و داستان، بە هۆی سیاسەتی داگیرکاری بەردەوام شەڕو کوشتن وزیندان و چە وساندنەوەی خەڵکە ڕەسەنەکە. خەبات بۆ بچوکترین وسەرەتایی ترین مافەکانی ژیان قەدەغەیە و، زیندانەکان تژی لە هاوڵاتیانی، بە هۆی سیاسەتی جیاکاری و نادادپەروەری، بەهۆی نەمانەوەی مانایەک،  هیوایەک بۆ ژیان، ناچار بە کۆچ دەکرێن، بە هۆی کوردستانی بوون و جیاوازی ئاینی و مەزهەبی و ئیتنیکی وڕەگەزییەوە، سەرجەم پارچەکانی تری کوردستان لە ژێر چەپۆکی سیاسەتی داگیرکەراندایە. وەک کوردێک ژیانکردن زەحمەتە و دۆزەخێکە بۆخۆی بۆ کەمینەکانی تریش هەمان حیساب وکیتاب. بۆ دەرباز بوون لەم دۆزەخەدا مرۆڤ بەداوی ڕیگەیەکدایە ئەویش کۆچکردنە، ئەوتا بابەتی ڕۆمان پێمان دەلێ هەرچی کوردستانی ڕەسەن هەیە، بیر لە دەرچەیەک، ڕێگەچارەیەک دەکاتەوە کۆچ بەرەو هەندەران بکات، بۆ دوونیایەک و زەمینێکی تر بە هیوای ژیانێکی ئارامترو ئاسوودەتر.