رۆژی دووشەممەی ڕابردوو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئیلام، هەڵیانکوتاوەتە سەر وەشانگەی باشوور و ماڵی خاوەنەکەشی. 

محەمەد مرادی نەساری لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ئەدەبی کوردی و بەرپرسی ناوەندی کەلتوری و وەشانگەی (باشوور) لە ئیلامە.

محەمەد مرادی نەساری تا ئێستا ١٤ کتێبی شیعر و وەرگێڕانی بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاو کردوەتەوە. هاوکات لە چەندین فیستیڤالی ئەدەبیش خەڵاتی وەرگرتووە.

ئەنساری سێ ساڵ لەمەوبەر وەشانگەی (باشوور)ی لە ئیلام دامەزراند و تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ کتێبی بە ناونیشانی جیاواز بە زمانەکانی کوردی و فارسی لە بواری ئەدەب وەشاندووە و یەکێکە لە وەشانگە ناسراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

هەروەها خەڵاتێکی ساڵانە بەناوی خەڵاتی (باشوور) لە لایەن ئەم وەشانگەوە دابین دەکرێت و بەو کەسە ناسراونە دەدرێت کە لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی چالاکن.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ئەم وەشانگەیە کەوتوەتە ژێر گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان، دوو ساڵ لەمەوبەر دەزگای زانیاریی سوپای ئێران هەلیکوتایە سەر دەزگاکە. هەروەها رۆژی دووشەممەی ڕابردووش هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئیلام، لە شاری ئەیوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی نەساری و دەستیان گرتووە بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانی وەکو مۆبایل و کۆمپیوتەری نەساری، هاوکات لە ئیلامیش هەڵیانکوتاوەتە سەر وەشانگەی باشوور. 

ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد، دژی هەموو جۆرە گوشارێکین بۆ سەر نووسەر و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، هەروها بەرپرسیارییەتی هەر جۆرە گوشارێک بۆ سەر محەمەد مرادی نەساری و شاعیر و نووسەرانی دیکەش دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران.

ناوەندی پێنی کورد

١٠/٠٢/٢٠٢٢