دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی (ژینا)، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد ڕژایە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی دەربڕی، ئەو کاردانەوە لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ سەرهەڵدان و ڕاپەرین لەپێناو ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ژیان نەک تەنیا رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو سەرانسەری ئێرانیشی گرتەوە.
کۆنکرێتترین نیشانەی ئەمەش، دەنگدانەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران، ئەفغانستان و سەرانسەری کوردستان و جیهاندا بوو.
هەرچەندە ئەم ڕاپەرین و سەرهڵدانە لە ئەنجامی کوشتنی ژنێکی کورد هاتە ئاراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی زوڵم، گوشار، گرتن و ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژیی گەلانی ئێران لە ماوەی چل ساڵەی دەستەڵاتداریی سیستمی دیکتاتۆر، تۆتالیتار و مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی هەموو خەڵکی ئێرانە.
سیستمی ئیسلامی سیاسی دوژمنایەتی هەر هزرێکی ئازاد و مرۆڤی ئازاد و ئازادیخواز دەکات، بۆیە لە سەرەتای ڕاپەرینە سەرتاسەرییەکانی ئێران، زۆرێک لە خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژران، برینداربوون و دەستبەسەر کران. زۆرێک لە رۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و چالاکانی مافی مرۆڤ کەوتوونەتە بەر پەلامار و دەستبەسەر کراون، تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان نییە و ژیانیان لە مەترسیی دایە.
لەبەرامبەر دەستەڵاتێکی وەهادا، پێویستە هەموو جیهان دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران ببیسێت، بە تایبەت دەنگی ژنان کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێراندا زوڵمیان لێ کراوە و لە بچوکترین مافە سەرەتاییەکانی مرۆیی بێبەش کراون. پێویستە بۆ بەدێهێنانی سەرەتایترین مافە ڕەواکانی گەل هەرچی پێویست بێت بیکەن.
ئێمە وەکوو ناوەندی پێنی کورد بە ڕوونی دەڵێین: پشتیوانی داخوازییە ڕەوا و دیموکراتییەکانی گەلانی ئازادیخوازی ئێراندا دەکەین.
هاوکات داوا له‌ سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌، ڕێکخراو، پلاتفۆرم، رۆشنبیران و هونەرمەندان و که‌سایه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد ئێران و هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان ده‌که‌ین که‌ به‌ گیانێکی مرۆڤانە و دیموکراتیک سه‌رکردایه‌تی و پاڵپشتی ئه‌م راپه‌ڕینه‌ مێژووییه‌ و ناڕه‌زایه‌تییەکان بکەن، ئەوەش بە ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی نووسه‌ر و رۆشنبیران دەزانین.
بۆیە داوا لە سەرجەم نووسەران، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەوروپا و جیهان، ناوەندەکانی پێنی هەموو وڵاتان، پێنی نێودەوڵەتی دەکەین کە بە خەبات و چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان ببنە بەشێکی بچووکی ڕاپەرین و ناڕەزایەتیەکانی گەلانی ئازادیخوازی ئێران.

ناوەندی پێنی کوردی

٢٦/٠٩/٢٠٢٢