ڕۆژ‌هەڵاتی ناوین بە درێژایی مێژووی چەند سەدەی ڕابردوو، گۆڕەپانی شەڕێکی گەورە و ماڵوێرانکەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەرانبەر یەکتر بووە، دەوڵەتانی دیکتاتۆر و ئایدلۆژیکی دەسەڵاتدار بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیان رێکیان خستووە و خوێنی میلیۆنان مرۆڤیان لە ئایینە جیاوازەکان تێدا رژاندووە، هاوکات کراونەتە قوربانی ئەم شەڕ و ململانێ نامرۆییەی ئایدئۆلۆژیکەی دەوڵەتان.

لەم شەڕانەدا کورد وەک یەکێک لەو نەتەوانەی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە درێژایی مێژوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەیی و جیهانی بە شێوی جیاواز وڵاتەکەی پارچە کراوە و بەبێ ویستی خۆی دابەشی سەر چەندین وڵاتی دیکە کراوە، ناسنامە و شوناسی مرۆیی و زمانیی و کولتوری نەک هەر لەبەرچاو نەگیراوە. بەپێچەوانەوە، بە هەموو شێوەیەک ژینۆسایدی جەستەیی و سیاسی و کەلتووری کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا گەلی کورد لەخەبات وچانی نەداوە و دەرئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشانەش ڕزگاری گەلەکەمان لە باشور و ڕۆژئاوای وڵات بووە.

دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆ و شۆڤینی ناوچەکە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەییدا بەدرەوام لە هەوڵ و تەقەلادا بوون بۆ سڕینەوە و لە ناوبردنی ئەو دوو ئەزموونەی کوردستان. ئەوەی ئێستاش لەگۆڕێدایە هەوڵ و پیلانگێڕییەکی نیودەوڵەتییە و دەرەنجامەکەشی کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانییەکی گەلێک مەزن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا تا ئەم چرکەساتەش قڕکردن و گۆڕینی پێکهاتە و دیمۆگرافی ئەو شارە بەردەوامە، بە هەمان شێوە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و بە ئاراستەی هەمان ئەو سیاسەتە بۆ کانتۆنی عەفرین گرتیە بەر، پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستانی دا بە بیانووی ئەوەی ژمارەیەک پەنابەر لە خاڵە سنوورییەکان جێگیر بکات، تاکە مەبەستیش گۆڕینی دیمۆگرفیای ڕۆژئاوای کوردستانە و پەرە دانە بە عەقڵیەتی داگیرکاریی، دەیەوێت ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کورستان لەناو ببات.

ئێمە وەکو ناوەندی (PEN)ی کورد بانگەوازی بۆ هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و ئازادیخواز دەکەین دەستبەجێ بکەونە هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە لەناوبردنی ئەزموونی سەرکەوتووی ڕۆژئاوای کوردستان، پێشگرتن لە لەناوبردنی ئازادی و شکۆی مرۆیی و پێکەوەژیانی گەلان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. بانگەوازی بۆ هەموو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستەکان دەکەین پشتیوانیمان بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دژی هەموو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان بووەستینەوە، بۆ ئەوەی مەترسیی کۆمەڵکوژیی و ژینۆسایدی ڕۆژئاوای کوردستان نەهێڵین.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

ناوەندی (PEN)ی کورد

١٠/١٠/٢٠١٩