لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە هەرێمەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسان خاکی کوردستان بوەتە گۆڕەپانی شەڕی زلهێزەکان و ڕێگەخۆشکەرە بۆ پاشاگەردانی و پێشێلکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووس، نووسەر، لێکۆڵەر و چالاکوانە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە لەلایەن ڕژێمە سەردەستە تۆتالیتارییەکان و هێزە هەرێمییەکانەوە ڕووبەڕووی گوشار، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجە دەبنەوە.

نووسەر و لێکۆڵەر کامیل ئەحمەدی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ڕۆژی ١١ی ئاب/٢٠ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە. ناوبرا لێکۆڵەری کۆمەڵایەتییە و دەیان لێکۆڵینەوە زانستی و ئەکادیمی لەبارەی ‘خەتنەکردنی ژنان’، ‘هاوسەرگیریی سپی’، ‘هاوسەرگیریی منداڵان’ و ‘دۆخی کەمەنەتەوەکان’ لە ئێران بڵاو کردوەتەوە.

شەفەق ڕەحمانی، هاوژینی کامیل لە لێدوانێکدا وتویەتی: “بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، بەبێ ئەوەی مەترسی دەستبەسەرکردن هەبێت، هاوژینەکەی لەلایەن هێزە ئەمینییەکانەوە بە ژمارەیەک بەڵگەنامە و دەستنووس لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستیبەسەردا گیراوە”.

دوای دوو ڕۆژ و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، کامیل بە هاوژینەکەی ڕاگەیاندووە: “من باشم، چەند ڕۆژێک لێرە دەمێنمەوە” هاوکات داوای پارێزەریشی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزەر لە لایەن حکومەتەوە دەستنیشان دەکرێت، هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسییەی دەستبەسەرکراوەکان دروست نابێت.

لە ڕۆژی ١٣ی ئاب/٢٢ی گەلاوێژەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی ئەکادیمسیەن و لیکۆڵەری کورد، کامیل ئەحمەدییەوە نییە، نازانین لەکوێ دەستبەسەرە.

وەکو ناوەندی PENی کورد دەستبەسەرکردنی کامیل ئەحمەدی ئەکادیمیسیەن و ئەندامی ناوەندەکەمان بە تووندی شەرمەزار دەکەین، داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەکەین دەستبەجێ ئازادی بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە لە ٢١ئاب/ ٣٠ گەلاوێژ بڕیار محەمەد مستەفای تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕۆژنامەوان و پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە هەولێر، بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ ئاگادارکردنەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی بڕگەی١ لە مادەی ٨ی یاسای ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان “لە کاتی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووس بە کارێک تۆمەتبار کرابێت پەیوەندی بە پیشەکەیەوە هەیە، سەندیکای لێ ئاگادار دەکرێتەوە.” هەروەها بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان مادە و هەمان یاسا “نابێت لێکۆلینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس بکرێت، مەگەر بە بڕیاری دادوەری نەبێت”.

لە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبرا لە لایەن ئاسایشەوە ناڕوونی هەیە، لە لایەکەوە بە ئاژانسی ڕۆژنیوزیان وتووە “دەستبەسەرکردنی بڕیار پەیوەندی بە کاری ڕاگەیاندنەوە نییە”. بە بنەماڵەکەشیان وتوە “هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە پەیوەندی بە ئاژانسی ڕۆژنیوزەوە هەیە”.

کردەوەی لەو شێوەیە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە جێگەی گومان کە ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگە لە مەترسیدایە. ئێمە وەکو ناوەندی PENی کورد، هەتا کۆتایی چاودێری کەیسی دەستبەسەرکردنی بڕیار محەمەد مستەفا دەکەین و دامەزراوە نێوەنەتەوەییە پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە ئاگادار دەکەینەوەە و چاوێری ئازادی هەموو ڕۆژنامەنووس، لێکۆڵەر و نووسەرانی کوردستان دەکەن. داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش دەکەین کە بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان هەڵسوکەوت بکەن و بۆ پێشخستنی دیموکراسی لە کوردستان هەوڵی جدی بدەن.

ناوه‌ندی PENی كورد

٣٠ی ئابی ٢٠١٩