وەک زانراوە، ١٩ی ئابی ٢٠١٩ حکومەتی تورکیا قەیومی بەسەر گەورە شارەوانییەکانی شارەکانی ئامەد، وان و مێردین-دا سەپاند. ئەو سەرۆک شارەوانیانەی لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ بە ڕێژەیەکی بەرز دەنگیان پێ درابوو. ئێمە وەکو کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی PENی کورد ئەو دەستبەسەرداگرتننەی شارەوانییەکان، ئەو هێرشە لەدژی دیموکراسی، ئەو کودەتا سیاسییە، بەناوی ناوەندی PENی کورد بە تووندی شەرمەزار دەکەین، هاوکات ئێمە دەستگیرییەکانی ئەم دواییانەی کە نزیکەی ٥٠٠ کەس بوو، دەستگیرکردنی نووسەر و ڕۆژنامەوانەکان شەرمەزار دەکەین.

رێژەی پێشێلکردن و بێ یاسایی زۆر بەرز بوەتەوە،  لێرەدا چەند نمونەیەک دەخەینەڕوو. لەو ڕۆژەی کە قەیوم سەپێندران، لە ٢٩ شاردا ئۆپەراسیۆن بەڕێوەچوو و سەدان کەس دەستگیر کران.  لەناو ئەو دەستگیرکراوانەدا چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووسیش هەن. هەمان ڕۆژ هەواڵسازی بەشی کوردی ئاژانسی میزۆپۆتۆمیا ژیان کاراهان، کارمەندی ڕاگەیاندنی هەدەپە وەدات داغ، کارمەندی ڕۆژنامەی یەنی یاشام ئوندەر ئاکبولوت و ڕۆژنامەوان ئوزگور ئولکە دەستگیر کران، هێشتاش ئازاد نەکراون. هەروەها نووسەر و شاعیر محەمەد ئاکدۆغانیش دەستبەسەر کرابوو، بەڵام دوای چوار ڕۆژ ئازاد کرا. هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەکانی زمان و پەروەردەیی محەمەد حەسەن دەستبەسەر کراون و هێشتاش دەستبەسەرن.

وەکو چەندین شار، لە ٢٠ ئابدا لە مێردین ئەو جەماوەرەی ویستی سەپاندنی قەیومەکان شەرمەزار بکەن ڕووبەرووی هێرشی پۆلیس بوونەوە. لە ئەنجامدا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە چالاکییەکەیان ڕوومال دەکرد؛ ڕۆژدا ئایدین، نوورجان یالچین، حەلیمە پارلاک، ئەحمەد کانبال و محەمەد شاه ئوروچ-یش دەستبەسەر کران.

چەندین ساڵە هێرش و کردەوەی زۆر خراپ بەرانبەر کورد ئەنجام دەدرێن. لە ٢٠١٦ بەملاوە دەیان پەرلەمانتار و سەرۆکی شارەوانی کورد دەستگیر کراون و زۆریشیان تا ئێستاش لە گرتووخانەکاندان؛ دەیان نووسەر و ڕۆژنامەوان دەستگیر کراون و سزای چەندین ساڵ زیندانیکردنیان بۆ داواکراوە. ئەو قەیومانەی لە ٢٠١٦ سەپێندرابوون، لە سەرەتاوە نووسینە کوردییەکانی سەر تابلۆکانیان لابردبوو، ئەو قەیومانەی ئێستاش هاتوون، یەکسەر زمانی کوردیان لەسەر ماڵپەڕی شارەوانی لابردووە، واتە هێرشەکە لەبەرانبەر کوردە.

ئەو هێرشانە تەنیا لەدژی کوردانی ناو باکور نییە، لە هەمان کاتدا باشوری کوردستانیش بۆمباران دەکرێت و خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن. لە لایەکی دیکەوەش هەڕەشەی داگیرکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، کورد دەکوژرێن و لە شوێنی خۆیان ڕاو دەنرێن. زۆر ئاشکرایە کە ئەو هەڵسوکەوتە لەبەرانبەر کوردایەتییە، ئامانج قڕکردن و لەناوبردنی میلەتێکە. بەهیچ شێوەیەک مایەی قەبوڵکردن نییە. ئێمە وەکو ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی، بانگەوازی بۆ حکومەتی تورک دەکەین لەو کارە نایاساییانە پاشەکشە بکات، سەپاندنی قەیومەکان پووچەڵ بکاتەوە، ئەو نووسەر و ڕۆژنامەوانانەی کە جگە لە ئەرکی ڕۆژنامەوانی خۆیان کارێکی دیکەیان نەکردووە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

بانگەوازیمان بۆ هەموو مرۆڤایەتییە، گەلی کورد لانی کەم ٤٥ ملیۆن کەسن، لەنێوان چوار دەوڵەتدا پارچەپارپە کراون، ئەو دەوڵەتانە هەموویان هاوکاری یەکتری دەکەن و پێکەوە هێرشی کورد دەکەن. وێڕای ئەو هەموو بەرخۆدانەش هێشتا کورد ناتوانن بە زمانی خۆیان پەورەردە ببن، لەبەر ئەوەی لە بەرنبەر هەڵسوکەوتێکی بچووکدا هێرشی گەورە دەکرێت. ئەوەش بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانە ڕاستە کە هاوکاری وڵاتانی سەردەستی کورد دەکەن. هیوادارین هەموو لایەک جارێکی دیکە چاو بەو دۆخەدا بخشێنن.

لە لایەکی دیکەوە، ئێمەی کورد پێکەوە، پێویستە خاوەنداری لە وڵاتی خۆمان بکەین، باشتر خۆمان ڕێکبخەین. لەدژی دڕندایەتی و زۆرەملێیی تێکۆشان بکەین؛ بۆیە بەرخۆدانەکانمان جێگەی سەربەرزیمانە. گەلی کورد خاوەن مێژوویەکی زۆر شکۆدارە، لە تێکۆشان لەدژی داعشیشدا ئێمە لاپەڕیەکی دیکەی شکۆدلرمان لە مێژووی خۆماندا زیاد کرد. ئەمڕۆکەش بە بەرخۆدانی ئەو مرۆڤانەی کە چواردەوریان بە ئاگر گەمارۆ دراوە و هێشتاش سەردانانەوێنن و لە تێکۆشانی خۆیان بەردەوامن، پێیانەوە سەربەرزین. ئێمە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هیوامان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ کورد چەندین دەستکەوتی بەدەستهێناوە و لە هەمان ڕۆژدا لە چەندین شار و چەندین وڵات، هەزاران دەنگ پێکەوە بە یەک دەنگ هەڵسوکەوت دەکەن. لەو ڕۆژە مەترسیدارانەشدا، لە هەموو شوێنێکی وڵات، لە چەندین وڵاتی جیهان، کورد لە ئامادەباشیدان.

كۆمیته‌ی بەڕێوەبەریی گشتی ناوەندی PENی كورد

                 ٢٧/٨/٢٠١٩