چەندین ساڵە هەوری رەش بەسەر وڵاتماندا دەگەڕێت، هیوای یەکگرتن و یەکڕیزی کورد کە لە ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ لە پەرەسەندن دابوو، بەو کارەساتانەی کە بەسەر کورد دا هاتن لاواز و کەم بوونەوە. لە باکوری کوردستان شەڕ و پێکدادان لەنوێوە دەستیپێکردەوە، دواتر شەڕی نێو شارەکان و کۆمەڵکوژیی لەناو شارەکان ڕوویاندا. لە سەرانسەری ناوچەکە هێرش و کۆمەڵکوژیی بە دەستی داعش ئەنجام درا؛ ئەوەش بووە هۆی قڕکردنی کوردانی ئێزیدی و دوای ئەوەش هێرش کرایە سەر کۆبانێ. لە باشووری کوردستان دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کەرکوک و ئەو ناوچانەی کە دوای شەڕی داعش کەوتبوونە دەست کورد داگیرکرانەوە. لە رۆژئاوای کوردستان عەفرین داگیر کرا و چەندین هێرشی دیکە بەڕێوەچوون. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زوڵم و زۆرێکی زۆر لە گەلەکەمان دەکرێت، نوێترین نمونەش لەسێدارەدانی پێشمەرگەی پێشووی رۆژهەڵات، مستەفا سەلیمی بوو.

هەموو ئەو ڕووداوانە شتێک نیشان دەدەن؛ ئەگەر کورد بیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە هێزێک و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دیاریی بکات، دەبێت یەکڕیزی خۆی بپارێزێت و یەکگرتوو بێت، ناکۆکی و دووبەرەکی ناوخۆیی، جیاوازی بیروڕای ئاینی و سیاسی بخەنە لاوە و لەسەر بنەما دیموکراتییەکان یەکبگرن و هاریکاریی نێوخۆیی دروست بکەن. هەڵبەتە ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، پێش هەموویان وڵاتانی داگیرکەر و هێزە دەرەکیی و ناوخۆییەکان دەبنە کۆسپ لە بەردەم ئەوە، بەڵام ئەگەر کورد بیەوێت وەکو پێکهاتەیەک سەربەخۆیی خۆی لە ناوچەکە بەردەوام بکات، پێکهێنانی یەکێتی و یەکڕیزی، پێویستییەکی حەتمییە.

هەربۆیە لەو ڕۆژە ڕەشانەدا، ئێمە وەکو ناوەندی (PEN)ی کورد، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین بەرانبەر فروفێڵی داگیرکەران هۆشیار بن، بۆ چارەسەری پرسە ناوخۆییەکان، رێگەی دانووستانی ئاشتییانە بگرنە بەر.

پێش هەموو شتێک پێویستە هیچ لایەنێکی سیاسی دانووستانەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە نەبێت و پێویستە بە هیچ شێوەیەک نەبنە داردەستی داگیرکەران. وەکو نمونەش دەتوانین باسی ڕووداوەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و مستەفا سەلیمی بکەین، بەپێی هەندێک سەرچاوە سەلیمی لە شاری پێنجوێنەوە دەستگیر کراوە و رادەستی هێزەکانی ئێران کراوەتەوە، پێویستە بە زوویی لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکرێت و ئەوە ڕوون ببێتەوە، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، پێویستە ئەنجامدەرانی سزا بدرێن. پێویستە چیتر کوردانی ئازادیخواز بە دەستی کورد ڕادەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەکرێنەوە.

هەروەها چەندین مانگە گەمارۆیەک لەسەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور هەیە، بەو هۆیەوە گەلەکەمان لەو کەمپە ڕووبەڕووی سەختی زۆر بونەتەوە. باوەڕمان وایە پێویستە ئەو گەمارۆیەش بە زووترین کات هەڵبگیرێت و کۆتایی پێ بهێندرێت، هاوکات ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت بۆ سەر کەمپەکە. هەڵبەتە پێویستە هیچ هێزێکی کوردی چاوساغیی بۆ داگیرکەرانی خاکی کوردستان نەکات. لە لایەکی دیکەشەوە، پێویستە هەموو کورد بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەرچوار پارچە بە هۆشیاری و عەقڵیەتێکی نەتەوەیی هەڵسوکەوت بکەن.

                                                                                ناوەندی (PEN)ی کورد

                                                                        كۆمیته‌ی بەرێوه‌به‌ریی گشتی 

              ٢١/٤/٢٠٢٠