ئازادی ڕادەربڕین یه‌كێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە و یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، بەڵام زۆرجار لە وڵاتەکەمان بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو مافە پێشێل دەکرێت.

وەکو چەندین جاری دیکە، ئەمجارە نووسەر و شاعیری کورد، نوێنەری ناوەندی (PEN)ی کورد لە باشووری کوردستان، عەبدال نوری عەبدال، بەهۆی دەربڕینی بیروبۆچوونی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕووبەڕووی هێرشی دەروبەرە دیندارەکەی بوەتەوە و بە تۆمەتی ئەوەی بیر و باوەڕەکانی دژی ئاینی ئیسلامن، سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانە گەیشتونەتە دەستمان، لە بەرنامەیەکی تەلەفزۆنیدا بەڕێز عەبدال نوری عەبدال، کاتێک لەبارەی شارستانییەت قسەی کردووە، هەندێک پرسیاری لێ کراوە و بابەتەکە گەیشتوەتە سەر ئاینی ئیسلام و عەبدال نوریش بەشێوەیەکی زانستی و شارستانیانە بیروباوەڕەکانی خۆی دەربڕیوە و وەڵامی داوەتەوە.

بەهۆی ئەو وەڵامەوە هەندێک دەوروبەری دیندار لە ئاینی ئیسلام، سکاڵای یاساییان لەسەر نووسەر عەبدال نووری لە دادگا تۆمار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی ‘بێڕێزی بەرانبەر پیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە’. بابەتە هەر چییەک بێت، هەموو مرۆڤێک ئازادە لەوەی بیروباوەڕی خۆی بخاتەڕوو. ئێمە وەکو ناوەندی (PEN)ی کورد هێرشەکانی سەر نوێنەرەکەمان لە دژی ئازادی ڕادەربڕین دەبینین، بۆیە بە تووندی شەرمەزاری دەکەین. داوا لە بەرپرسانی دەزگای دادوەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە لە دۆخی لەم شێوەیەدا ڕەگەزەکانی پاراستنی بیروڕا بکەنە بنەما و بە گوێرەی ئەو ڕەگەزانە هەنگاو بنێن.

بەو بیر و باوەڕانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ ڕێزدار عەبدال نوری عەبدال دەردەبڕین و دەڵێین، پاراستنی مافی ئازادی ڕادەبڕین لە هەموو دۆگما ئاینییەکان پیرۆزترە.

كۆمیته‌ی بەڕێوەبەریی گشتی

 ناوه‌ندی(PEN)ی کورد ٢١/٩/٢٠١٩