بۆ ڕای گشتیی کوردستان و جیهان

دەوڵەتی تورکیا کە بەهۆی دۆخی زیندانەکانی بەردەوام مافی گەردوونی، یاسایی، ئازادیی ڕادەربڕین، مافی تەندروستی، دیموکراسی و عەدالەت شایانی گیراوەکان نازانێت، بە بیانوی بڵاوبوونی پەتای کۆڕۆنا بارودۆخی سەپێندراو بەسەر زیندان و گیراوەکانی زیاتر و دژوارتر کردووە.

ڕژێمی دەسەڵاتداری تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی دژایەتیکردنی دۆزی کوردستان، گیراوەکان لە پیرۆزترین مافەکانیان واتە مافی ژیانێکی سادە بێبەش دەکات.

چارەسەریی پزیشکی بۆ گیراوە نەخۆشەکان دابین ناکات و بەو هۆیەوە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا 10 کەس لە سەختترین دۆخی گۆشەگیریدا گیانیان لەدەستداوە، لەنێو 10 زیندانیدا هەشتیان نەخۆش بوون و یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە شاعیری ناسراوی خەلیل گوونەش بوو. هەروەها نووسەر گوڵەزەر ئاکین لە ئێستادا لە جۆری ئەو زیندانیانەدایە کە نەخۆشیی سەختیان هەیە.

بەپێی راپۆرتەکانی پەیمانگای پزیشکی دادوەری (ATK) زیندانییەکان بۆ مردن ماون.

هەروەها منداڵانی گیراو لە زیندانەکاندا تووشی پێشێلکاری مافەکانیان دەبن، چەند منداڵێک بۆ ماوەی چەندین ساڵە ناتوانن دایکیان ببینن و هەندێکیشیان لە زیندانەکان دا ئەو مافە لە بارودۆخێکی سەختەدا بەدەست دەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا میدیاکانی تورکیا کە بەپێی دەستهەڵاتی ئێستا کار دەکەن بە هیچ شێوەیەک ئەم پێشێلکاریانە ناخاتە بەرنامەی کارەکانیەوە و باسیان ناکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە که زۆربەی گیراوەکان بە بیانووی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی، خوێندنەوەی کتێبە کوردییەکان و نووسینی نامەکانیان بە زمانی کوردی لە نێو گرتوخانەکاندا ڕووبەڕووی کوشتن و سووتاندن دەبنەوە، یان لەکاتی تەواوبوونی سزاکانیان، ئازاد ناکرێن.

سەرەڕای ئەمە کە زۆربەی گیراوەکان لە شوێنی ژیانیان دوور خراونەتەوە، دیسان ناتوانن ئەندامەکانی  خێزانیان ببینن و بەپێی یاساکانی دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیا ئەو جۆرە مافانە بۆ گیراوەکان ڕەوا نییە

بەپێی دوایین داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لە ئێستادا 1605 زیندانیی نەخۆش لە زینداندان کە 605 کەس نەخۆشی سەختیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێک لە زیندانییەکان بەم دواییانە گیانیان لەدەستداوە دەتوانین بڵێین ئێستا نزیکەی 1600 زیندانیی نەخۆش هەن کە لە گرتوخانەکاندا لە هەلومەرجێکی زۆڕ سەختدان.

 لە نێو ئەو گیراوانەدا نووسەر، ڕۆژنامەنووس و هەندێکیشیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی ڕای خۆیان بەرامبەر بە سیستەمی حوکمڕانی، بە چەندین ساڵ سزادراون هەن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (DFG)، لە ئێستادا 65 ڕۆژنامەنووس لە زینداندان لە تورکیا بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی نووسەرانی گیراوی ناوەندی پێنی کورد، لە ئێستادا نزیکەی 102 نووسەر لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستاندا ڕاگیراون.

بارودۆخی 38 بەندکراو زۆر مەترسیدارە و مافێکی زۆر سروشتییە بۆ چارەسەرکردن ئازاد بکرێن.

وەکوو ناوەندی پێنی کورد بانگەوازیی ئێمە ئەوەیە: کە پێویستە مافی ژیانی گیراوەکانی گرتوخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان بپارێزرێت.

کۆمیتەی نووسەران بۆ ئاشتی KNJA/WFPC

ناوەندی پێنی کورد

١٣/٠٢/٢٠٢٢