کتێبی “جگە لە چیاکان دۆستێکی ترمان نییە”ی (بەهرۆز بۆچانی)ی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی ئەدەبیی (ڤیکتۆریا) لە ئوستورالیا پێ بەخشرا، کە بەرزترین خەڵاتە و بەهاکەی ۱۰۰ هەزار دۆلاری ئوستورالیاییە. بەهرۆز ساڵانێک لەمەوبەر، لە ڕێی بەلەمەوە دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە ئوسترالیا، وەلێ دوورگەی کرێسماس و دواتر بنکەیەکی پێشوازیی پەنابەران لە وەڵاتی ماینۆس ئایلاند دەبێتە مەنزڵی. بەهرۆز ئەو بنکەیە بە بەندیخانەیەکی ترسناک تاریف دەکات، لە کتێبەکە، تەنگوچەڵەمەی ڕێگەی هاتنی و دواتر ئەتواری ناچیزی کاربەدەستان لەبەرانبەر پەنابەران دەخاتە خەیاڵی ئەدەبییەوە، دواجار یاداشتەکانی ڕۆمانی “جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی ترمان نییە”ی لێ بەرهەم دێت. بەهرۆز، لەم چەند ساڵەدا کە وا پێنج ساڵ تێ دەپەڕێنێت، لەنێو نۆوتی مۆبایلەکەی یادداشتەکانی نووسیوەتەوە و بۆ چەن هاوڕێیەکی ناردووە، دواتر هەر لەلایەن ناسیاوەکانی وەردەگێردرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و تا بە ڕۆژی تەقینەوەی کتێبەکە گەیشت و بووە خاوەنی بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی لە ئوستورالیا. ڕاستییەکەی، ئەگەرچی دڵخۆشم بەو خەڵاتە ـ بەتایبەت بۆ کوردێک ـ بەڵام لەهەمان کاتیشدا، دووڕوویی وەڵاتانی ڕۆژاوام لەبەرانبەر دۆسیەی پەنەباران لێ ون نابێت. ئوستورالیا بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی پێ دەدات، لەکاتێکدا بەهرۆز هێشتە لە زیندانییە بەناو بنکەکانی پەنابەراندایە، خراتریش لەوە، لە ترسی ئەوەی ناحەقییەکانی نێو ئەو توێژە نەبینێت، گۆشەگیریان کردووە و بە ئینفرادی ڕۆژ و شەو دەژمێرێت. هەروەتر بەهۆی نەبوونی دیکۆمێنت، بۆ خەڵاتەکەی نەیتوانی بچێتە نێو ئوستورالیاوە و ڤیزایان پێ نەداوە. دوورڕوویی ڕۆژاوا لەوێدایە، لەسەر خوودی ئەو ئازارانەی کە فەرمانبەرانی خۆیان هۆکارن، بەرزترین خەڵات دەبەخشنەوە. وەک ئەوە وایە، من شەقێک لە یەکێک بدەم، دواتر کەسەکە ئازاری شەقەکەم بە شیعر بۆ بهۆنێتەوە، دواتریش من لەپای باسکردنی ئازارەکە، خەڵاتی پێ بدەم. بەهرۆز وەک خۆی دەڵێت، ڕۆمانەکەی بۆ خەڵات نەنووسیوە، بگرە هەر بیریشی لای ئەوە نەبووە، تەمای وی ئەوە بووە، ئازارەکانی ڕێگە و تەنگوچەڵەمەکانی پەنابەرێتیی بنکەکە، بە خەڵکی ئوستورالیا بگەیەنێت .. ئەوەی بۆ بەهرۆز گرینگە، دەرچوونێتی لەو بنکەیە و پێدانی مافی مانەوەیە. ئوسترالیا بۆوەی ڕووی خۆی سپی بکاتەوە، با بفەرمووێت پاسپۆرت بە بەهرۆز بدات. هەروەتر کتێبەکە هۆکارێک بێت بۆ پێداچوونەوە بە بنکەکانی پەنابەرێتی. من لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ یەکێک لە سیاسییەکانی هەرێمی بۆدنزێ، کاتێ لە دیدی منی لەسەر دۆخەکە پرسیی، وەڵامی من ئەوە بوو: “ئەوەی لەنێو بنکەکانی پەنابەرێتیی دەگوزەرێت، وای کردووە وەڵاتێکی دیکەی سەربەخۆ لەنێو ئەڵمانیا درووست بێت. ئێوە لە ئۆفیسەکانی خۆتانەوە، بێئاگان لە ماجەرای نێو بنکەکان و هێشتە بەو ڕاستینەیە نەگەیشتوون کە لە پڕۆسەی ئینتگراسیۆندا فەشەلتان هێناوە. دۆخێکی ترسناکە بۆ وەڵاتەکان، هەم ئەو زەبروزەنگە سێمبوڵییانەی ئێوە لەسەر دانیشتوانی وەڵاتی بنکەپەنابەرییەکان، هەم لاساری و لادانەکانی هاووڵاتیانی وەڵاتی بنکەپەنابەرییەکان، بە کاوەخۆ ئەڵمانیا بەرەو دۆخێکی نالەبار پەلکێش دەکات. دەبێت ئێوەی ڕۆژاوایی ئەوە بزانن، بنکەپەنابەرییەکان، لە ئەنجامی مێنتەلێتیی کۆنەپارێزانەی ئێوە بەرانبەر بیانییەکان، بووەتە وەڵاتێکی سەربەخۆ لەنێو وەڵاتەکانی ئێوەدا”.
ماڵپەڕی BBS ئەمڕۆ ڕاپۆڕتێکی باش و تێروتەسەلی لەسەر “بەهرۆز” و “بۆچانی” بڵاو کردەوە، بە هیوام میدیا کوردییەکان سوودی لێ ببین و وەریبگرێن